بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق وادەی دانەوەی قەرزەکانی ئێرانی ڕاگەیاند.
ناوبراو وتی: وەزارەتی کارەبا هەوڵی ئەوەی داوە خۆی بۆ وەرزی هاوین ئامادە بکات، بۆ ئەمەش پلانێکی تەکنیکی کورت ماوەی بۆ باکور تا باشور ئامادە کردووە و بە گشتی بۆ وەرزی هاوین ئامادەیمان هەیە و هیوادارین بە پێی ئەو ئامادەکارییە کە کراوە، دۆخی کارەبا ئەمساڵ باشتر لە ڕابردوو بێت.
عادل کەریم سەبارەت بە قەرزەکانی ئێرانیش وتی: لە گەڵ حکومەت بۆ شێوازی دانەوەی ئەو قەرزانە ڕێکەوتووین، من سەردانی ئێرانم کرد و لە گەڵ وەزیری نەوتی ئەو وڵاتە ڕێکەوتین کە پێش کۆتایی ئەم مانگە قەرزەکانی ئێران بدرێتەوە.
پێشتر ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی یەک ملیار و 642 ملیۆن دۆلار پارەی گازی هاوردەکراوی ئێرانی لایە بەڵام پارەی ساڵانی 2020 و 2021 ی بە تەواوی ڕادەستی تاران کردووە./.