بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەهید مستەفا بەدرەدین 13 ی ئایاری 2016 لە ئاکامی هێرشی ڕۆکێتی و تۆپخانەیی تیرۆریستانی تەکفیری بۆ نزیک فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە ناوچەی دیمەشقی پایتەختی سوریا تیرۆر کرا.
سەید حەسەن نەسروڵڵا بەم بۆنەوە لە وتارێکدا و سەبارەت بە پرسی فەڵەستین وتی: گەلی فەڵەستین ماوەیەکی زۆرە بڕیاری خۆیی داوە و لە ئێستادا لە سەرجەم گۆڕەپان و بوارەکاندا بوونی هەیە، ئەم گەلە چیدی چاوەڕوانی وڵاتانی عەرەبی، کۆمکاری عەرەبی، ڕێکخراوی هاریکاری کەنداوی فارس، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نامێنێتەوە و پێم وایە کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو، بڕوا و متمانەی گەلی فەڵەستین بە بژاردەی خۆڕاگری، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بەهێزتر بووە.
ناوبراو وێڕای ڕەخنەی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: تەنیا دەسەڵاتێک کە لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی (لە نێو وڵاتانی عەرەبی) ڕاوەستا و تێچوویشی هەبوو، سوریا بوو، کەس نابێت بیر لەوە بکاتەوە کە جیهانی عەرەب دەتوانێت پاڵپشتی لە فەڵەستین و لوبنان بکات، جیهانی عەرەب لە قۆناغی یەکپارچەیی خۆیدا هیچ هەنگاوێکی بۆ پاڵپشتی لە فەڵەستین نەبوو، تەنانەت یارمەتیدەری ئازادکردنەوەی لوبنانیش نەبوو، لەم وڵاتانە هیچ چاوەڕوانی هاوکاری ناکرێت و تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران و سوریا هەڵوێستیان بۆ پاڵپشتیکردنی لوبنان هەبوو.
ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا جەختیکردەوە کە ئەوانەی چاویان لە هاوکارییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بوو و بوونە سەنگەرێک بۆ ئەو ڕژێمە، بەدەر لە شکست و هەڵهاتن شتی دیکەیان دەست نەکەوت، ئەوانەش کە بە هەمان شێوە چاوەڕوانی وڵاتانی عەرەبی بوون، دەسکەوتیان نەبوو. بەشێکی دیکە خۆڕاگرییان دەوێت کە هەڵقوڵاوی ئیرادەی گەلی لوبنانە و ئەم بەشە سەرکەوتنی بە دەست هێنا.
سەید حەسەن نەسروڵڵا بە ئاماژە بە کێشە و گرفتەکانی لوبنان وتی: کێشەی سەرەکی لوبنان، قەیرانی ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵک و نانە نەک چەکی خۆڕاگری، لە چل ساڵی ڕابردوو تا ئێستا بۆ ئازادی، ئاسایش، سەربەرزی و پاراستنی کەرامەتی لوبنان چەکمان لە سەر شانە و ئەم دەسکەوتانە دەپارێزیان./.