بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش تەواوکردنی خولێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لە سلێمانی و ئەسفەهان، بڕوانامەی تەواوکردنی خولەکە بەخشرایە بەشداربووان.
لە ڕێوڕەسمی پێدانی بڕوانامەکان بە ڕۆژنامەنووسە بەشداربووەکان، کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی لە وتەیەکدا سوپاسی ماندوبوونی لەو 17 ڕۆژنامەنووسە کرد.
داواتر ڕەزا ڕەحمەتیان بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی پیرۆزبایی لەو ڕۆژنامەنووسانە کرد و جەختیکردەوە کە ئامادەین خولی ڕۆژنامەوانی لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی بکەینەوە.
ناوبراو سوپاسی تایبەتی خۆیی ئاراستەی کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کرد و وتی کە بەڕێوەچوونی خولەکە و ڕەزامەندی بەشداربووان، بەرهەمی هاوکاری و خەمخۆریی بەڕێزیان بووە و ڕۆڵیان لەم بوارەدا بەرز دەنرخێنین و هیوادارین بتوانین لە داهاتووشدا بە هەمان ورەوە خزمەت بە رۆژنامەنووسان و گەنجانی هەرێمی کوردستان بکەین.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا چەپکە گوڵی ڕێزلێنان بۆ هەوڵ و ماندوبوونی بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی لە بەڕێوەچوونی خولەکە لە هەر دوو شاری سلێمانی و ئەسفەهان درایە ڕەزا ڕەحمەتیان./.