بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم گەرماوە لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییە تۆمارکراوەکانی ئێراندا ناوی هاتووە و نموونەیەکی دەگمەنە لە گەرماوە مێژووییەکانی ئێران. لە شاری کاشان بەدەر لەم گەرماوە، چەند گەرماوی دیکەی وەک فین، عەبدولڕەزاق خان، موحتەشەم و …. دەبینرێت.
ئەم گەرماوە کەوتووەتە بەشی کۆن و مێژوویی شاری کاشان لە شەقامی عەلەوی و کۆڵانی مزگەوتی سوڵتان ئەمیر ئەحمەد. مەودای نێوان ئەم گەرماوە تا تاران 250 کیلۆمەتر یان دوو کاتژمێر و 40 خولەکە و تا ناوەندی شاری کاشان کەمتر لە 5 کیلۆمەترە.
گەرماوی سوڵتان ئەمیر ئەحمەد ناوی خۆیی لە ئیمام زادەیەکی تەنیشت خۆی، نەوەی ئیمام جەواد (ع) وەرگرتووە. بەڵگە و ئاسەوارە بەدەستهاتووەکانی ئەم گەرماوە پاش بومەلەرزە گەورەکەی ساڵی 1150 ی کۆچی هەتاوی، پیشان دەدەن کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی سەلجوقییەکان دەگەڕێتەوە بەڵام دەروازەکەی مێژووەکەی پەیوەندی بە سەردەمی قاجاڕەوە هەیە. ئەڵبەت هەندێک لەو بڕوایەدان کە ئەو گەرماوەی ئێستا لە کاشان دەبینرێت، لە سەردەمی قاجاڕ و لە ساڵی 1254 ی کۆچی هەتاوی لە سەر کەلاوەکانی گەرماوە کۆنەکە بونیاد نراوە و گەرماوێکی بچووکی پێ زیاد کراوە.
لە ڕابردوودا هەر شارێکی ئێران 5 بەشی سەرەکیی تێدا بووە، مزگەوت، بازاڕ، خانوو، گەرماو و ئاو عەمبار بووە و بەم هۆیەوە دەتوانین گەرماوەکەی سوڵتان ئەمیر ئەحمەد بە یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی ئەو سەردەمەی کاشان ناو ببەین. بە پێی بەڵگە مێژووییەکان لە قۆناغە جیاجیاکان، گەرماوێکی زۆری گشتی لە شارەکاندا هەبووە. گەرماوە مێژووییەکانی کاشان، لە سەردەمی سەفەوی لە ڕیزی ئەو بیانایانەدا بوون کە بەردەوام لە لایەن گەشتیارانی ناوخۆی و بیانییەوە ستایش دەکران.
گەرماوی سوڵتان ئەمیر ئەحمەدی کاشان لە بەرواری 11 ی ڕەشەممەی ساڵی 1355 ی کۆچی هەتاوی بە ژمارە 1351 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە. ئەم بینایە لە کاتی درووستکردنی تا ئێستا چەندین جار نۆژەن کراوەتەوە.
گەرماوەکە بۆ ماوەیەک ڕێستورانت بووە بەڵام ئەمڕۆ بووەتە مۆزەخانەیەکی سەر بە شارەوانی کاشان.
کاشان شارێکی بیابانییە و هاوینی گەرم و زستانی تا ڕادەیەک ساردی هەیە و زۆربەی گەشتیاران لە وەرزی پاییزدا سەردانی ئەم شارە دەکەن.