بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ وەزیرانی دەرەوەی عێراق، سوریا و کوێت جەختی لە سەر هەستیاریی دۆخی خۆڵبارین و بەپەلە چارەسەرکردنی کردەوە کە بووەتە هۆی تێکدانی ژیانی ئاسایی خەڵک.
لەم پێناوەدا لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار وڵاتەکە ڕێکەوتن کرا کە شاندێکی تەکنیکی لە ئێرانەوە سەردانی وڵاتانی عێراق و سوریا بکات و لە نزیکەوە وێڕای بەسەرکردنەوەی مەیدانیی هەندێک ناوچە، لە گەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە، ڕێگاچارەکانی ئەم کێشەیە تاوتوێ و بگەنە ئەوەی چۆن بەپەلە و کاریگەر ڕێگایەک بۆ دەربازبوون یان کەمکردنەوەی خۆڵبارینەکە بدۆزنەوە.
بە هۆی ئەوەی کە بەشێک لەم کێشەیە پەیوەندی بە هاوکاری و بەشداری کاریگەری حکومەتی سعوودیەوە هەیە، بڕیار درا کە وەزیری دەرەوەی عێراق ئەم پرسە لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە تاوتوێ بکات و ڕیازیش لەم دەستپێشخەرییە ناوچەییە بەشداریی هەبێت.
وەزیرانی دەرەوەی ئێران، عێراق، سوریا و کوێت لە سەر بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی ناوچەیی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی خۆڵبارینەکەش گەیشتوونەتە ڕێکەوتن./.