بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەم وڵاتە لە سوریا دەمێننەوە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ” روسیا الیوم ” وتی کە مانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا بە پێی داوای فەرمی حکومەتی یاسایی دیمەشق و هەروەها بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکانە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 2254 ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خاکی سوریا.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی کە مۆسکۆ پاڵپشتی لە حکومەتی دیمەشق دەکات بۆ ئازادکردنی تەواوی خاکی سوریا، لە بەر ئەوەی کە هێشتا هێزە چەکدارەکانی وەک سوپای ئەمریکا لەم وڵاتەدان کە بوونیان بە نایاساییە و بە ئاشکرا هەوڵی درووستکردنی نیمچە وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات دەدەن.
وتیشی کە ئەمریکا لە ڕێگای خواستی کوردەکانەوە بۆ جیابوونەوە، هەوڵی دابەشکردنی خاکی سوریا دەدات.
لاوڕۆڤ وتی کە ئەرک و ڕاسپاردەی هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا سەربازی نییە و زیاتر بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە./.