بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی کە سەردانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینی کردووە، لە گەڵ نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی کۆبووە.
گروسی ئەمڕۆ هەینی 3 ی حوزەیران لە تویتێکدا ڕایگەیاند: ” لە سەر بانگهێشتی ئیسرائیل لە گەڵ نەفتالی بنێت لە تەل ئەبیب کۆبوومەوە. ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا زۆر گرنگ بوو. من جەختم لە سەر گرنگی یاساکانی ئاژانس و ڕێکەوتنی ڕێگری لە پەرەپێدانی چەکی قەدەغەکراو لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری جیهانی کردەوە “.
ئەم سەردانەش چەند ڕۆژ پێش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە ڤیەننا بووە. بڕیارە سێ وڵاتی ئەورووپی و ئەمریکا لەو کۆبوونەوەدا بڕیارێک لە دژی ئێران دەربکەن./.