بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەعفەر قەنادباشی سەبارەت بە درووستکردنی کەشتی نەوتهەڵگر لە لایەن ئێرانەوە بۆ وڵاتی ڤەنزولیا و ناردنی بۆ نزیک ناوچەی ژێر دەسەڵات و پێگەی ئەمریکا لە هەلومەرجێکدا کە هەر دوو وڵات ڕوبەڕوی قورسترین سزا و گەمارۆی زاڵمانە بوونەتەوە، وتی: ئەم هەنگاوە لە مێژووی ئێران و پیشەسازییەکەیدا ڕووداوێکی بێ وێنە بووە و لە ڕاستیدا دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و پیرۆزە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە کاتێکدا کە ئێران زیاترین و قورسترین سزا و گەمارۆی ئەمریکای لە سەرە، ئەم هەنگاوە زۆر گرنگ و لە چوارچێوەی گرنگینەدان و پووچەڵکردنەوەی ئەو گەمارۆ و سزا زاڵمانەیە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی گەلی ئێران جێبەجێیان کردووە.
قەنادباشی بە ئاماژە بەوەی کە درووستکردن و ناردنی کەشتی نەوتهەڵگر بۆ ڤەنزولیا لە لایەن ئێرانەوە پەیامی ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە، وتی: درووستکردنی ئەم کەشتییە ئەوەی سەلماند کە ئێرانییەکان سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا پشت بە هێز و زانست و توانای ناوخۆیی خۆیان دەبەستن و بەرەو مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاو دەنێن.
وتیشی کە ئەم هەنگاوە دەتوانێت هیوایەکی زۆر ببەخشێتە چینی نوخبەی وڵات و لە پێناو مسۆگەرکردنی درووشمی وەبەرهێنان و پشت بەستن بە زانستە و لە ڕاستیدا ئەوەی پیشاندا کە پشت بەستن بە ئیرادەی گەل و توانا ناوخۆییەکان دەتوانێت بە سەر هەر پیلانگێڕییەکی ئەمریکا و دوژمنانی دیکەدا زاڵ ببێت.
ئەو شارەزایەی کاروباری نێودەوڵەتی بە ئاماژە بەوەی کە ئەم هەنگاوەی ئێران پەیامێکی زۆر گرنگ دەداتە کۆمەڵگای نێودەولەتی، وتی: کاتێک ئەوان دەبینن کە ئێران خاوەنی ئەم تەکنۆلۆژیا و توانا و زانستەیە، زیاتر لە ڕابردوو دان بە شکستی سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکاندا دەنێن.
جەعفەر قەنادباشی وتی: ناردنی ئەو کەشتییە پیشان دەدات کە ئەو وڵاتانەی لە لایەن ئەمریکاوە بە نایاسایی سزایان بە سەردا سەپاوە، دەتوانن بە دابینکردنی پەیوەندییەکی زۆر باش و ووشیارانە بۆ تەواوکردنی ئابوریی یەکتر هەنگاو بنێن و پێداویستییەکانی خۆیان بە بێ وڵاتانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی دابین بکەن.
ناوبراو وتی: ئەو وڵاتانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە سزایان بە سەردا سەپاوە، ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا بتوانن هاوکاری بەرامبەریان پێکەوە هەبێت، قۆناغی بەسراوەیی بە وڵاتانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی تێپەڕ دەکەن و پەیامی بەهێزبوونی خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا پیشان دەدەن./.