بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هۆکارەکانی سکچوون و ڕشانەوە زۆرن و چارەسەرکردنیشیان جیاوازن. دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، شێوازی پاراستنی منداڵانی لەم نەخۆشییانە بڵاو کردووەتەوە.
لەوانەیە هۆکاری نەخۆشییەکە ڤایرۆس، بەکتریا، خواردنی شیرینی، هەستیاری بە پرۆتین، ژەهراویبوون و هەستیاری بە جۆرە خواردنێک یان کۆرۆنا و هۆکارەکانی دیکە بێت.
بۆ ڕێگرتن لە توشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکرێت:
1 – هەموو ئاوێک بکوڵێنە، ساردی بکەرەوە و بۆ خواردنەوە بەکاری بهێنە.
2 – خواردنەکان لە ناو سەلاجە هەڵبگرە.
3 – سەوزە و میوە پێش خواردن بە جوانی بشۆرەوە.
4 – زوو زوو دەستی منداڵەکەت بشۆ بە تایبەت پاش تەوالێت کردن.
5 – پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
6 – بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر.
7 – دوورکەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە بە تایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.
8 – باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان./.