بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجامی توێژینەوەکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگری لە نەخۆشییەکان (CDC) پیشان دەدات کە نزیکەی لە سەدا 2.6 ی منداڵان کێشەی لاوازیی سیستەمی بەرگری جەستەیان هەیە، بەو مانایە کە سیستەمی بەرگری جەستەیان بەهێز نییە و توانای ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشییەکانیان نییە.
ڕەنگە منداڵان بە چەند هۆکارێکی وەک HIV، نەخۆشییەکانی وەک شەکرە، کاردانەوەیان لە بەرامبەر هەندێک دەرمان، کەمبوونی خۆراک و کێشەی جەستەیی، سیستەمی بەرگری لاوازیان هەبێت. سەرەڕای ئەمەش دەتوانین بڵێین کە بە گشتی سیستەمی بەرگری جەستەی منداڵان زۆر بەهێزترە لە سیستەمی بەرگری جەستەی کەسانی بەتەمەن و لە ڕاستیدا بە باشترین شێواز بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشیی نوێ ئامادەیە. باوک و دایک دەتوانن بە چەند شێوازێک بەو دڵنیاییە بگەن کە سیستەمی بەرگری جەستەی منداڵان لە بەرامبەر نەخۆشییە دەرەکییەکان بەهێزە.
بۆ دەستپێک ساکارترین ڕێگای بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستەی منداڵان، خواردنی تەندرووستە.
چارڵز بنبرۆک لە ناوەندی کشتووکاڵیی بەردەوام و سەرچاوە سرووشتییەکانی زانکۆی ویلایەتی واشنتن لە ئەمریکا دەڵێت کە خواردنی سرووشتی بە شێوازی بەرچاو لە سەدا 20 تا 40 ی ئەنتی ئۆکسیدانی زیاتری لە خواردنەکانی دیکە هەیە.
پێکهاتەی ئەو ئۆکسیدانەش یارمەتیدەری بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە و لەناوبردنی ئەو هۆکارانەیە کە تەندرووستی جەستە ڕوبەڕوی کێشە دەکەنەوە.
بەدەر لە خواردنی جۆرەکانی میوە و سەوزەجات، چالاکی جەستەییش ڕۆڵی بەرچاوی لە پاراستنی منداڵان لە بەرامبەر نەخۆشییەکاندا هەیە. ئەنجامی توێژینەوەیەکی ساڵی 2016 کە لە گۆڤاری پزیشکیی ئسکاندیناوی بڵاو کراوەتەوە، ئامار و زانیاری تایبەت بە 55 منداڵی تەمەن 5 ساڵەی کۆکردووەتەوە کە هەموویان تووشی کێشەی لاوازیی سیستەمی بەرگری جەستە بوون.
شارەزایان بەوە گەیشتن کە ئەوانەی زیاتر لە دەرەوە بوون، هێزی زیاتریان لە سیستەمی پاراستنی ناوخۆیی و هەروەها گۆڕانکاری بەرچاویان لە بەرامبەر هەوکردنەکان هەبووە.
بۆ هێشتنەوەی سیستەمی بەرگری جەستەی منداڵان بە تەندرووستی لە نێو ماڵدا دەبێت ئاگاداری مادە پاککەرەوەکان و هەندێک لەو کەلوپەل و ئەشیانەی بن کە بەکار دەهێندرێت.
دکتۆر جوئل وارش، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، ڕایگەیاندووە کە هەندێک لە کەرەستەی نێوماڵ دەتوانێت زیاتر لەوەی کە منداڵان بپارێزێت، زیان بەوان بگەێنێت./.