بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەک ساڵ بە سەر پێکهێنان و دەستپێکردنی کارەکانی کابینەی سێزدەیەمی ئێران تێپەڕ دەبێت و وەزارەتی میراتی کەلتوری، گەشتیاری و پیشەسازی دەستی لە چوارچێوەی درووشمە ستراتیژییەکەی حکومەتی شۆڕشگێڕ و پشت ئەستوور بە خەڵک لەم ماوەیەدا هەوڵیدا کە لە هەر سێ بواری سەرەکی کار و چالاکییەکانی خۆیاندا ڕۆڵی خەڵک و بەشداری ئەوان زیاتر بکات، ماوەیەک کە مۆزەخانەکان بە تایبەت لە پارێزگاکان بەرەو ڕاکێشانی زیاتری خەڵک برا و بە کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆناش گەشەی کەرتی گەشتیاری گەڕایەوە و بازاڕچەکانی پیشەسازی دەستی جوڵەیەکی دیکەیان پێوە بینرا.
جێبەجێکردنی هەزار بەرنامە لە هەفتەی میراتی کەلتوری
میراتی کەلتوری بە پێی پێگە و ڕۆڵی خۆی، یەکێک لە بوارەکانی جێی گرنگی کابینەی سێزدەیەمی ئێرانە، پەرەپێدانی کەلتوری گشتی پاراستنی ئاسەوارە مێژوویی و کەلتورییەکان لە لایەن تاکەکانی کۆمەڵگاوە بە یەکێک لە سیاسەتەکانی وەزارەتی میراتی کەلتوری، گەشتیاری و پیشەسازی دەستی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دادەنرێت.
کۆتایی 80 پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکان لە 15 پرێزگای ئێران و جێبەجێکردنی زیاتر لە 1000 بەرنامە لە هەفتەی میراتی کەلتوری لە یەکەم ساڵی چالاکییەکانی ئەم کابینەیە ئەوەی سەلماند کە وەزارەتی میراتی کەلتوری گرنگییەکی زیاتر بە بواری میراتی کەلتوری دەدات، ئەو بوارەی کە پێویستی بە هاوکاری و گرنگیدانی سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان هەیە و واژۆکردنی سێ یادداشتی لێک تێگەیشتنی هاوکاری لە گەڵ دەستەی ئەوقاف و کاروباری خێرخوازی، فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراوەی خانووبەرەی شۆڕشی ئیسلامی، پیشاندەری ئەم تێڕوانینە ستراتیژییە دەبێت.
بوونی 760 مۆزەخانەی گشتی و تایبەت لە ئێران کە 260 مۆزەخانەیان سەر بە وەزارەتی میراتی کەلتورین، پیشاندەری ئاسەوارێکی زۆر و ئەشیاکانە لە مۆزەخانەکانی ئێران، ئەوەی کە زیاتر لە 35 هەزار ئاسەواری نیشتمانی تۆمارکراوی لە خۆیدا شوێن کردووەتەوە و ئەڵبەت ئەو کۆگانەی کە زیاتر لە 3 ملیۆن ئاسەوار لە خۆ دەگرێت و ئەمەش پیشان دەدات کە پەرەپێدانی مۆزەخانەکانی وڵات و پێشانگا گشتییەکان بۆ ئاشنایەتی زیاتری خەڵک لە گەڵ ئەم سامانە مێژوویی و شارستانییە بە پێویستییەک دادەنرێت.
لە گەڵ ئەم دەفرایەتییە کەم وێنەیە، پێگەی ئێران لە نێو 10 وڵاتی یەکەمی جیهان بە هۆی هەبوونی تۆماری جیهانیی 26 ئاسەواری بینراو و 17 ئاسەواری کەلتوری نەبینراو لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ، پیشاندەری هەبوونی گەنجینەیەکی ڕەسەن و پڕبایەخی کەلتوری و مێژوویی ئێرانە کە ئەرکی پاراستنی پێویستی بە ئیرادە و بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانی هەیە و ئەمەش بەدەر لە هاوکاری خەمخۆرانە و بەشداریی خەڵکی ئێران مسۆگەر نابێت.
ئەڵبەت پتەوکردنی پەیوەندی لە نێوان خەڵک، بە تایبەت جیلی گەنجی چالاک و خاوەن بیر و هزر لە کۆمەڵگا و پەرەپێدانی میراتی کەلتوری و گەشتیاریی نوێ بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای نوێ و بیر و هزری نوێ، داهاتوویەکی ڕووناکی بۆ پاراستنی ئەم ئاسەوارانە و ناساندنی بە خەڵک دابین کردووە.
حکومەت هاوکاری چالاکوانانی کەرتی گەشتیاری بووە
دەفرایەتی بەربڵاوی میراتی کەلتوری کاتێک خۆنوێنی دەکات کە پیشەسازی گەشتیاریی بە تەواوی لە گەڵ خۆی ببینێت. جۆربەجۆریی ڕاکێشیگەلی گەشتیاری و داب و نەریتی میوانداری هەر لە مێژەوە ئێران و ئێرانییەکانی کردووەتە وڵاتێکی خاوەن پێگە و دەوڵەمەند بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران، ئەگەرچی سزا و گەمارۆ زاڵمانەکان لە دژی کەرتی ئابوری ئێران و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم چەند ساڵەدا پیشەسازی گەشتیاریی ئێرانی ڕوبەڕوی کێشە کردەوە بەڵام هەڵگرتنی قەدەغەی دەرکردنی ڤێزە بۆ گەشتیارانی بیانی لە کابینەی سێزدەیەم، لە 8 مانگی ڕابردوو تا ئێستا گەشەی ئەم کەرتەی لێکەوتووەتەوە.
کۆرۆنا زیاتر لە 40 هەزار ملیار تمەن زیانی بە کەرتی گەشتیاریی ئێران گەیاند بەڵام حکومەت لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو لە گەڵ چالاکوانانی ئەم کەرتەدا بووە، درێژکردنەوەی ماوەی دانەوەی قەرزە بانکییەکان، پێدانی قەرزی بانکی بە ڕێژەی سوودی کەمتر، بەخشینی چالاکوانانی ئەم کەرتە لە پێدانی باج، لە گرنگترینی ئەو هەنگاوانە بووە کە حکومەت بۆ پاڵپشتی لە کەرتی گەشتیاری و قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە زیانەکانی کۆرۆنا جێبەجێی کردووە.
وەزارەتی میراتی کەلتوریش چالاکانە لە گۆڕەپانەکەدا بینرا، بەڕێوەچوونی پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاری و پیشەسازی دەستی تاران لە شوباتی ڕابردوو دەستپێکی زیندووکردنەوەی پیشەسازی گەشتیاری لە قۆناغی پاش کۆرۆنا بووە و پاش دوو ساڵ ڕاگرتن، چالاکوانانی گەشتیاری پێکەوە کۆبوونەوە و پێشوازی بەرچاوی خەڵکیش لەم ڕووداوە گرنگە، پەیامێکی گەروەی هەبوو کە چالاکوانانی کەرتی گەشتیاری دەبێت لە سەرتاسەری وڵات بۆ پێشوازی لە گەشتیارە ناوخۆیی و بیانییەکان ئامادە بن.
کارنامەی ڕوونی حکومەت لە بواری گەشتیاری لە نەورۆزی ئەمساڵدا بینرا، وەک چۆن کە پێشبینی دەکرا، بە پەرەسەندنی بەکارهێنانی ڤاکسێنی دژە کۆرۆنا لە لایەن خەڵکەوە و خێراترکردنی هەنگاوەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم پەتایە، ڕێژەی گەشت و سەیرانی ناوخۆیی لە ئێران زیاتر بوو، تۆمارکردنی زیاتر لە 52 ملیۆن مانەوەی شەوانە لە هوتێل و میوانخانە فەرمییەکان، گەشەی لە سەدا 60 ی گەشتەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردووی و تۆمارکردنی ئاستێکی کەم وێنە لە سەردانیکردنی شوێنەوارە مێژووییەکان و مۆزەخانەکان لە لایەن خەڵکەوە لە پشووەکانی نەورۆز بەراورد بە ساڵانی ڕابردووی، پیشانیدا کە خواستی خەڵک لە سەر گەشتکردن زۆر بووە و ئەم ڕەوتە لە پشووەکانی دیکەش وەک جەژنی ڕەمەزان بەردەوام بووە.
ئەوەی کە دەتوانین بە گرنگ ناوی ببەین، پێکهێنانی لێژنەی هەماهەنگی کاروباری خزمەتگوزارییەکانی گەشتیارییە بە ئامادەبوونی 23 دەزگای حکومی و بە سەرۆکایەتی وەزارەتی میراتی کەلتوری، گەشتیاری و پیشەسازی دەستی. لێژنەیەکی یەکگرتوو و کارا کە لە ساڵی ڕابردوو پێک هێنرا و بەرهەمەکەی لە پشووەکانی نەورۆزی ڕابردوو بینرا و بۆ یەکەم جار لە وڵاتی ئێران، سیستەمێکی پلاندانان و ڕاگەیاندن، هەوڵی دەدا گەشتکردن بۆ خەڵک ئاسانتر و پارێزراوتر بێت.
پێدانی 74 ملیار تمەن قەرزی بانکی بە هوندەرمەندانی پیشەسازی دەستی
کەرتی پیشەسازی دەستیش لە ساڵانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زیانی بەرکەوت، زۆربەی کارگە و ناوەندەکانی فرۆشتنی بەرهەمەکانی پیشەسازی دەستی لە سێ ساڵی ڕابردوو داخران و بازاڕچە وەرزی و هەمیشەییەکانیش وەک ساڵانی پێشوو کۆرۆنا، نەکرانەوە. ئەگەرچی لە سەردەمی کۆرۆنا فرۆشتنی ئۆنلاین تا ڕادەیەک ئەم زامەی ساڕێژ کرد بەڵام وەزارەتی میراتی کەلتوری لە کابینەی سێزدەیەم لە هەمان ڕۆژانی سەرەتاییەوە پاڵپشتیی لە هومەرمەندان و پیشەگەرانی ئەم کەرتەی کە ژمارەیان 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسە، وەک ستراتیژێک بۆ خۆی دانا.
لەم کابینەیەدا و بە ئامادەبوونی عێزەتوڵڵا زەرغامی وەک وەزیر، چوار تەوەری پاڵپشتی و ڕێکخستنی وەبەرهێنان، پاراستن و دابینکردنی هەلی کار، فێرکاری و پەرەپێدان، پاراستنی پیشەسازی دەستی وەک ستراتیژی وەزارەتی میراتی کەلتوری بووە بنەمایەک بۆ کارکردنی بەڕێوەبەرە باڵاکانی و لەم چوارچێوەدا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو 74 ملیار تمەن وەک قەرزی بانکی کەم سوود درایە چالاکوانانی ئەم کەرتە و بڕی 9 ملیار تمەنیش هاوکاری بێبەرامبەر لە ناو ئەواندا دابەش کرا.
ڕازاندنەوەی ماڵە ئێرانییەکان بە پیشەسازی دەستی
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو 15 شار و گوند لە سەر ئاستی نیشتمانی تۆمار کراون و ئەم ڕیزەش گەیشتووەتە 45 شار و 22 گوندی نیشتمانیی پیشەسازی دەستی. ئەمەش لە کاتێکدا کە لە 11 شار و 3 گوندی ئێرانیش لە سەر ئاستی جیهانی تۆمار کراون و دۆسیەی 3 شار و گوندی نوێش بۆ تۆماری جیهانی ئامادەیە و ئەمەش بووەتە خواستێکی گشتی لە سەر ئاستی وڵات.
لە یەک ساڵی ڕابردوو پلانی بە بازرگانیکردنی پیشەسازی دەستی لە 31 پارێزگای ئێران دەستیپێکردووە و لە بەشێک لەو پلانەدا هاتووە کە هانی ئێرانییەکان بدرێت بۆ ڕازاندنەوە و جوانکاریی ماڵەکانیان کەڵک لە براندەکانی پیشەسازی دەستی ئێرانی وەربگرن.
ئەمساڵ بازاڕچەکانی نەورۆزیی پیشەسازی دەستی زیاتر لە 123 ملیار تمەن فرۆشی هەبووە کە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لە سەدا 97 بەرزبوونەوەی هەبووە و ئەمەش پێگەی پیشەسازی دەستی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا پیشان دەدات، بە شێوازێک کە لە سەر داوای وەزیری ڕۆسنبیری قەتەر، بڕیارە ئێران ئەزموونەکانی لە بوارەدا بۆ زیندووکردنەوەی پیشەسازی دەستی و هونەرە ڕەسەنەکان بەم وڵاتە بدات./.