بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوابەدوای سەردانی ئەم دواییەی محەمەد مەهدی ئیسماعیلی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و دیدار لە گەڵ هونەرمەندی کورد؛ خدر قادری گەرماوی هونەرمەندی ۱۰۷ ساڵەی بواری مۆسیقا لە گوندی باغیی سەر بە شاری سەردەشت، وەزیری فەرهەنگ فەرمانی تایبەتی بۆ پێشکەش کردنی بڕوانامەی پلە یەکی هونەری لە لایەن لێژنەی هەڵسەنگاندنی هونەرمەندان، نووسەران و شاعیرانەوە دەرکرد.
ئەم بڕوانامەیە ڕۆژی سێ شەمە ۱۷ی جۆزەردانی ۱٤۰۱ی هەتاوی پاش هەڵسەنگاندن و لێکۆڵێنەوە لە لایەن ئەنجوومەنی هەڵسەنگاندنی هونەرمەندان، نووسەران و شاعیران لە وەزارەتی کەلتوور و ڕێنمایی ئیسلامی بۆ ئەم هونەرمەندە بە ئەزموونەی بواری مۆسیقا دەرکرا.
خدر قادری گەرماوی لە چوار بەشی هونەری کوردی؛ بەیت، حەیران، لاوک و شمشاڵ دا هونەر مەندێکی بە توانا بوو.
هونەرمەند خدر قادری ناسراو بە خلە دەرزی بەیتبێژ و حەیرانبێژ و شمشاڵژەنی کورد لە ساڵی ١٩١٦ لە دێی گەرماوی ژوورووی سەر بە گوندستانی ئالان لە سەردەشت لە دایک بووە و ئێستا نیشتەجێی شاری سەردەشتە. ساڵی ١٣٨٣ی ھەتاوی ڕێوڕەسمی ڕێزنان لە خلە دەرزی لە سەردەشت بەڕێوە چوو کە تێیدا مامۆستایان کەریم کابان و ئەنوەر قەرەداغیش بەشدارییان کرد.
ئەم هونەرمەندە لە زۆربەی فیستیڤاڵە ھونەرییەکانی ئێراندا بەرنامەی پێشکەش کردووە. جگە لەوانە، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی «ئارکتایپەکانی ئاوازگەلی ھیندوئەورووپایی» کە لە مەدرەسەی مۆسیقای چایکۆفسکی لە شاری مۆسکۆدا بەڕێوە چوو بەشداری کردووە.