بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەکبەر کەریمی سەبارەت بە دیپلۆماسیەتی ئابوریی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرنگیدان بە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، وتی: سیاسەتی گشتی و بەردەوامی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەبوونی پەیوەندی و زیاترکردنی هاوکارییەکانە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ کە لەم کابینەیەدا گەشەی بەرچاوی هەبووە.
ئەندامی لێژنەی پیشەسازی و کانزاکانی پەرلەمانی ئێران وتی کە لەم چووارچێوەیەدا پەیوەندییەکی باش لە نێوان ئێران و تورکمانستان لە کاتی سەربەخۆیی ئەم وڵاتەوە هەبووە، ئەڵبەت هەندێک کات گۆڕانکاریی هەبووە، بۆ نموونە، لە کابینەی ڕابردوو هەندێک کێشە و گرفت کەوتە بەردەم ئەم پەیوەندییانە، ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و تورکمانستان سەبارەت بە نرخی گاز بووە کێشەکەی لە نێوان هەر دوو وڵات و لە ئاکامدا دابەزینی ئاستی پەیوەندییەکانی لێکەوتەوە.
کەریمی وتی: بە تێڕوانینی کابینەی سێزدەیەم لە بەهێزکردنی دیپلۆماسیەتی ئابوری و باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی ئێران و تورکمانستان پاش سەردانیکردنی سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵات، دیسانەوە زیندوو کرایەوە و بەهێز بووە.
ناوبراو وتی: تورکمانستان ڕێگای ترانزێتیی کاڵای ئێرانی بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ناوچەکە و ڕێگای هێڵی ئاسنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ڕووسیا، تەنانەت دەتوانین بۆ ترانزێتی کاڵا لە نێوان ئێران و چین لە ڕێڕەوی تورکمانستان کەڵک وەربگرین.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران لە درێژەدا وتی: لە بەرامبەردا تورکمانستانیش دەتوانێت کەڵک لە ڕێگای ترانزێتیی ئێران وەربگرێت. ڕێکەوتنی سۆئاپی گاز و هەروەها هەناردەی کارەباش لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لە گەڵ تورکمانستان.
ئەندامی لێژنەی پیشەسازی و کانزاکانی پەرلەمانی ئێران وتی کە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکمانستان دەتوانێت ڕێژەی ئاڵوگۆڕەکانی نێوان هەر دوو وڵات بۆ 10 ملیۆن تەن کاڵا بەرز بکاتەوە.
وتیشی کە دەستپێکردنەوەی چالاکییە بازرگانی و ترانزێتییەکان لە سنورەکانی باکور و پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە پارێزگا سنورییەکان یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانەکەی سەردار بەردی محەممەدۆف سەرۆک کۆماری تورکمانستان بۆ ئێران بووە./.