ئەمریکا کەوتووەتە کێشەیەکی دەستکردی خۆیەوە لە ناوچەکە، لە پێناو ئەو ئامانج و پیلانانەش کە دیارییکردووە، وەک ژێردەستەی خۆی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت وڵاتانی عەرەبیی کەنداوی فارس هەڵسووکەوت دەکات و موڵەتی ئەوەیان پێنادات بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بیر لە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ وڵاتانی دیکە بە تایبەت ئێران بکەنەوە.
ئەمریکییەکان ترسیان لە قەیرانە ئابوری، دارایی و سیاسییەکانی ناوچەکە هەیە و بە ئەنقەست ئەم قەیرانە وەک پەرەسەندنی ئاستی دەستڕۆیشتوویی ئێران ناو دەبەن. بە پێی ئەوەی کە ئێران توانایەکی باڵای سیاسی و دیپلۆماسیی هەیە کە لە دەیەکانی ڕابردوو سەلمێندراوە، ئەمریکییەکان ترسیان لەوە هەیە ئێران پێگە و دەستڕۆیشتوویی خۆی زیاتر لە ئێستا بەرز بکاتەوە.
جموجوڵەکانی ئەمریکا بۆ خوڵقاندنی کێشە لە بەردەم ئێران و ڕوبەڕوبونەوەی، بەردەوام بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران بینراوە. هەندێک لە ڕژێمەکانی ناوچەکە پەیوەندییەکی نزیکیان لە گەڵ ئەمریکا هەیە و لە ڕاستیدا بە گوێڕایەڵ و شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی واشنتن لە ناوچەکە دادەنرێن و مانەوە و چارەنووسی خۆیان داوەتە دەستی ئەمریکا، وەک میسر کە لە نێوان سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە و ئەمریکا لە ناوچەکە هیچ جیاوازییەک نابینرێت.
جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لە سەردانەکەی داهاتووی بۆ سعوودیە لە گەڵ جێنشینی ئەم وڵاتە کۆنابێتەوە. بە ڕای چاودێرانی سیاسی لێدوانەکانی بایدن شتێک لە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا لە ڕژێمی سعوودیە و ڕۆڵی واشنتن لە ناوچەکە کەم ناکاتەوە، ئەو شەڕ و قەیرانانەش کە لە سەر دەستی سعوودیە لە ناوچەکە ڕوو دەدەن، بەشێکن لەو ئەرکەی لە لایەن ئەمریکاوە پێی ڕاسپێردراوە و لە پشتەوەی ئەم پیلانگێڕییە، ئەمریکییەکان دەبینرێن و سەرجەم قۆناغەکان و ئەرک و ڕاسپاردەکان لە لایەن ئەوانەوە دیاری و دەستنیشان دەکرێت.
ئەوەش کە باس لە ناتۆی عەرەبی بە سەرکردایەتی ئەمریکا و بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران بە بەشداری وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری و میسر، ئەردەن و مەغریب دەکرێت، بە مردوویی لەدایکبووە، لە بەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتانە لە گەڵ ئێران گۆڕانکاری زۆری بە سەردا هاتووە، لە کاتێکدا کە ئامانجی ناتۆی عەرەبی، دژایەتی و ڕوبەڕوبونەوەی ئێرانە. چەندین کۆبوونەوە لە نێوان نوێنەرانی ئێران و سعوودیە لە بەغدا بەڕێوەچووە، هەروەها ئیمارات و قەتەر پەیوەندییەکی باشیان لە گەڵ ئێران هەیە، ئێران لە سەردەمی سزادانی قەتەر لە لایەن سعوودیە و چەند وڵاتێکی عەرەبییەوە، هاوکاری دەوحەی کرد، هەر بۆیە بیرۆکەی پێکهێنانی ناتۆی عەرەبی لە ساڵی 2018 وە مردووە و دۆخی ئێستا گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە و ئێران زۆر بەهێزترە لە ڕابردوو.
وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس ناتوانن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران هاوپەیمانییەک پێک بێنن، لە بەر ئەوەی کە سوپای سعوودیە و هاوپەیمانەکانی کە لە بەرامبەر حوسییەکانی یەمەن بەو ئاستە لە لاوازی دەرکەوتوون و ئەو هەموو زیانەکان لە قووڵایی خاکی خۆیان بەرکەوتووە، چۆن دەتوانن لە بەرامبەر ئێران خۆیان دەربخەن کە لە بەرامبەر ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی وەستاوە، لە گەروی جەبەل تاریق هەڕەشەی لە بەریتانیا کرد، دوو نەوتهەڵگری یۆنانی ڕاگرت و بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی ئەمریکای لە پارێزگای ئەنباری عێراق مووشەک باران کرد.
ڕاستە کە وڵاتانی عەرەبی گوێڕایەڵی ئەمریکان، بەڵام پێکهێنانی ناتۆی عەرەبی سەر ناگرێت، لە بەر ئەوەی کە هێزی ئێران ئەوان ڕوبەڕوی کێشەی زیاتر دەکاتەوە، ئەگەر بیر لە هەر پیلانگێڕییەک بکەنەوە./.