بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ئامانج لەم پرۆژەش، هاوکاریکردنی زیاتر لە 3 ملیۆن کەسی هەژار و بێبەش لە خزمەتگوزارییەکان لە لوبنانە، هەروەها هاوکاریکردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی سوریا و فەڵەستین کە لە لوبنان ژیان بە سەر دەبەن.
نەجات ڕۆشدی ڕێکخەری کاروباری مرۆڤدۆستانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان ڕایگەیاند کە لە هەر 10 ئاوارەی سوریای نیشتەجێبووی لوبنان، 9 کەس لە هەژاریدا ژیان بە سەر دەبەن و لە لایەکی دیکەوە ڕێژەی هەژاریش بە شێوازی بەرچاو لە نێو خەڵکی لوبنان و ئاوارەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە پرۆژەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارە هاوکاری یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس لە لوبنانییەکان و هەروەها یەک ملیۆن و 500 هەزار ئاوارەی سوری و 200 هەزار پەنابەری فەڵەستینی بکات.
پێشتر نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری لوبنان بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی و کێشە و قەیرانەکانی ئەم وڵاتەوە، هەڕەشەی دەرکردنی ئاوارە و پەنابەرە سوری و فەڵەستینییەکانی کردبوو./.