بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کە سەردانی تارانی کردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئەو هەڵەی ئەمریکا کردووەیەتی ڕاستی بکەینەوە، کاتێک ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی و پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کشایەوە، جارێکی دیکە یاسای نێودەوڵەتیی پێشێلکردووە، دەبێت کارێک بکەین ڕێکەوتنی ناوەکی زیندوو بکرێتەوە و وەک سەرەتای پەسەندکردنی لە ساڵی 2015 ببێتەوە، بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: سەرجەم سزا و گەمارۆ نایاساییەکانی دژ بە ئێران دەبێت هەڵبوەشێتەوە، هیوادارین ئەمریکا هەڵبژاردەی درووستی هەبێت، ئەڵبەت لەمەش دڵنیا نین.
ناوبراو سەبارەت بە سوریاش وتی: لە سەر دۆسیەی سوریا لە چوارچێوەی ڕەوتی ئاستانە وتووێژمان کردووە، ئەو کۆبوونەوەی کە لە نورسوڵتان کرا و ڕێکەوتین لە پێناو جێبەجێکردنی بڕیاری 2254 درێژە بە هەماهەنگی خۆمان بدەین، لە پێناو هەوڵە مرۆڤدۆستانەکان و ئاوەدانکردنەوەی سوریا و گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئەوەی کە ئەم وڵاتە دۆخێکی ئاسایی تێدا هەبێت.
لاوڕۆڤ وتی: بەداخەوە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵی ڕاگرتنی بڕیاری ژمارە 2254 دەدەن و ڕێگری لەوەش دەکەن کە ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئیش و کاری خۆیان بکەن، ئەوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کێشە و قەیران دەخوڵقێنن.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: ئێمە پابەندین بەو ئەرک و بەڵێنانەی کە یارمەتیدەری سەقامگیری کەنداوی فارس بێت، ڕووسیا دەستپێشخەرییەکی بۆ دابینکردن و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بە هاوکاری هاوبەشی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە پێشنیار کردووە و ئامادەین وتووێژی بونیادنەر لە نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس دابین بکەین./.