بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق لە پارێزگا جیاجیاکانیدا ناوچەی گەشتیاری، مێژوویی، ئائینی و کۆنی زۆری هەیە بەڵام حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم وڵاتە هێندە گرنگییان بە ڕۆڵ و پێگەی گەشتیاری لە کەرتی ئابوری خۆیاندا نەداوە.
کەرتی گەشتیاریی عێراق دەتوانێت لە دابینکردنی هەلی کار و جۆربەجۆرکردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەم وڵاتەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت بەڵام دۆخی ئەمنی و نەبوونی پلانێکی درووستی بەڕێوەبردن و گەشەپێدان، وایکردووە کە کەرتی گەشتیاری لە عێراق جوڵە و پێشکەوتنی نەبێت.
نەبیل جەبار لێکۆڵەری کاروباری ئابوری عێراق ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە ناوچەی تایبەتمەندی گەشتیاریی هەیە کە لە ناویاندا دەتوانین ئاماژە بە یەکەم شارستانییەتەکان بدەین.
ناوبراو بە ئاماژە بە گەشتیاری ئائینی لە عێراق، ڕایگەیاند کە عێراق شوێنی مەزارگەی کەسایەتییە ئیسلامییەکان و تەنانەت ئائینەکانی دیکەشە.
ئەو لێکۆڵەرە لە درێژەدا ڕوونیکردەوە کە سەرەڕای ئەم دەفرایەتییە، کەرتی گەشتیاری لە عێراقدا بە چەند هۆکارێک گەشەی نەکردووە و لە گرنگترین هۆکارەکانیش دەتوانین ئاماژە بە هۆکارەکانی وەک سیاسی، شەڕ و نالەباریی دۆخی ئەمنی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو بدەین.
نەبیل جەبار هەروەها ڕایگەیاند کە گرنگی و پێگەی گەشتیاریی عێراق دەتوانێت ڕێژەی وەبەرهێنانی ناپەتیی ناوخۆیی لەم وڵاتە بەرز بکاتەوە و بە گشتی جوڵە بە کەرتی ئابوری و بازرگانیی عێراق بدات بەڵام ئەم کەرتە بە بێ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئەمنییەکان ناتوانێت گەشە بکات.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە هەندێک یاساش بوونەتە ڕێگر لە بەردەم گەشەی ئابوریی عێراق بە تایبەت کەرتی گەشتیاری.
وتیشی کە بەرپرسانی سیاسیی عێراق ڕۆڵیان لەم دۆخە نالەبارەی کەرتی گەشتیاریدا هەیە، ئەوان بودجەی وڵاتیان بە تەواوی بە داهاتی نەوتەوە بەستووەتەوە و گرنگی بە کەرتەکانی دیکەی وەک گەشتیاری و پیشەسازی نادەن.
لە لایەکی دیکەوە ئەحمەد عەلیاوی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق ئاشکرای کرد کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاشەکشەی کەرتی گەشتیاری لە عێراق، ڕێوشوێنی توندی ئەمنی و مەرجەکانی مانەوەی گەشتیارانە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە جۆربەجۆریی گەشتیاری لە عێراق کەمتر لە وڵاتانی دیکەدا دەبینرێت بەڵام بۆ گەشەسەندنی ئەم کەرتە پێویست بە چەند هۆکارێکی وەک ئاسانکاری لە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان، پاراستنی ئاسایشی گەشتیاران، گرنگیدان بە ژێرخانەکان، هوتێل، گواستنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاری گەشتیاری هەیە.
عەلیاوی ڕایگەیاند کە کێشە و گرفتەکانی کەرتی گەشتیاریی عێراق کاریگەریی لە دۆخی ئەمنی و سیاسی و بانگەشەی نەرێنیی میدیاکان وەرگرتووە و میدیاکان وڵات لە ڕووی ئەمنییەوە بە ناسەقامگیر پیشان دەدەن.
ڕەفیق ساڵحی ئەندامی لێژنەی ئابوری و دارایی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە ناوچە گەشتیارییە سرووشتی، مێژوویی و ئائینییەکان لە عێراق زۆرن و ئەم وڵاتەیان کردووەتە ئامانجێکی گەشتیاری بەڵام بە هۆی نەبوونی مەرجەکانی گەشتیاری وەک خزمەتگوزاری، ئاسایش و سەقامگیری و ژێرخانەکان، عێراق لەم کەرتەدا دواکەوتنێکی زۆری پێوە دەبینرێت./.