بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی سپۆتنیک لە شرۆڤەیەکدا ڕایگەیاندووە کە بە زیاتربوونی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە کە چ ئامانج یان دوژمنێکی هاوبەش ئەم وڵاتانە پێکەوە کۆدەکاتەوە.
شکستی هەوڵەکانی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا
لەو شرۆڤەیەدا هاتووە: ڕوبەڕوی بیرۆکەیەکی نوێ نەبووینەتەوە، کاتێک کە دوناڵد ترەمپ لە ساڵی 2017 و لە یەکەم سەردانی دەرەوەی گەیشتە سعوودیە، سەرەکترین بابەت، هەمان پێشنیاری پێکهێنانی ناتۆیەکی عەرەبی بە ناونیشانی یەکگرتنی ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.
لەو کاتەدا چەندین سەرچاوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند کە کۆشکی سپی هەوڵی هاوکاری زیاتری نێوان وڵاتانی ناوچەکە لە بوارەکانی بەرگری مووشەکی، مەشق و ڕاهێنانی سەربازی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەروەها پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان دەدات. بڕیار بوو کە وڵاتانی قەتەر، سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین، کوێت، عۆمان لە گەڵ میسر و ئەردەن پێکەوە یەکێتی ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان MESA پێک بێنن.
ڕیاز لەو کاتەدا بە تەواوی هەوڵی ئەوەی دەدا کە سەرکردایەتی ئەم هاوپەیمانییە لە ئەستۆی بێت، بە تایبەت ئەوەی کە سعوودییەکان پێشبینی ئەوەیان کردبوو ئەمریکا لە ناوچەکە بکشێتەوە.
وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت سعوودیە پێشوازییان لەم پرۆژەی ئەمریکا کرد بەڵام کێشەکە کاتێک سەری هەڵدا کە ئەوان بەو ڕاستییە گەیشتن کە بڕیارە سەرجەم تێچووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە سەر شانی ئەوان بێت.
ئەمریکاش بە کردەوە بۆ ئەم هاوپەیمانییە هێندە جیدی نەبوو، وەک چۆن کە ئاماژە درا، سعوودییەکانیش هەستیان بەوە دەکرد کە دەبێت سەرجەم تێچووەکان لە ئەستۆ بگرن، هەر بۆیە پرۆژەکە جێبەجێ نەکرا و شکستی هێنا.
کێشە و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی ناتۆی ناوچەیی
لە شرۆڤەکەی سپۆتنیکدا هاتووە کە کێشە و بەربەستی زۆر لە بەردەم پێکهێنانی ناتۆی عەرەبی یان ناوچەییدا هەیە، یەک لەو کێشانەش ئەوەیە کە هێزێکی گەورەی سەربازیی عەرەبی بوونی نییە کە بەرپرسیاریەتی پێکهێنان و هەماهەنگی ئەم هاوپەیمانییە لە ئەستۆ بگرێت.
ئەوەی کە لە هاوپەیمانی ناتۆ دەبینرێت بۆ هێزی سەربازیی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، ناتۆ بە بێ ئەمریکا هیچ سەرکەوتنێکی نابێت، ئەگەر نموونەی ئەو هاوپەیمانییە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک بهێندرێت، دیار نییە کام وڵات ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی لە ئەستۆ دەگرێت.
ئیمارات و سعوودیە هێزی ئاسمانییان هەیە بەڵام هێزی وشکانی ئەوان هێندە سەرکەوتوو نییە، میسر لەوان باشترە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا سەرکردایەتی وەها هاوپەیمانییەک لە ئەستۆ دەگرێت.
لاوازیی ئەم وڵاتانە و سوپاکانیان دەتوانێت ڕێگری لە پێکهێنانی ناتۆی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. ئەردەن بۆیە پێشوازی لە وەها هاوپەیمانییەک دەکات کە وڵاتێکی بچووک و هەژارە لە ڕووی سەرچاوەکانەوە و پێشوازی لە وەها هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دەکات لە بەر ئەوەی کە بۆ ئەم وڵاتە بەرژەوەندی دارایی، دیپلۆماسی و ئەمنیی بە دواوە دەبێت.
ناتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا و بە بێ هاوبەشی لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان، تەنیا وەک بیرۆکەیەک دەمێنێتەوە، نابێت سەرجەم ئەرکەکان لە ئەستۆی سعوودیە بێت و چاوەڕوان بکرێت هەموو کار و پلانەکان جێبەجێ بکات.
کێشەیەکی دیکە لە بەردەم ئەم یەکگرتنە سەربازییەدا ئەوەیە کە شەڕێکی بەربڵاو و گەورەی سەربازیش لە ناوچەکەدا نییە کە بتوانێت هۆکارێک بۆ یەکگرتنی ئەم وڵاتانە بێت، سەرەڕای ئەوەی کە چەندین دەیەی ڕابردوو، گەلانی عەرەب بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی یەکگرتنی خۆیان ڕاگەیاند، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندییەکانی ئەوان لە گەڵ تەل ئەبیب تووشی گۆڕانکاری بووە.
سعوودیە، ئیمارات و مسیر وەک سێ کاراکتەری سەرەکی عەرەبی و هەروەها ئەردەن، پەیوەندییەکی باشیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەیە، ڕەنگە ئەوان ببنە هاندەری بەشداریی تەل ئەبیب لەم هاوپەیمانییەدا.
ڕەنگە ئەوان باس لە هەڕەشەکانی ئێران بکەن، بەڵام ئایا ئەمەش دەتوانێت سەرجەم ئەم وڵاتانە پێکەوە کۆبکاتەوە؟ پرسیاری گرنگی دیکە ئەوەیە کە ئایا هاوپەیمانیی وەک ناتۆ بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێویست دادەنرێت؟
لە کاتێکدا کە ناتۆ بۆ بەرگری لە بەرامبەر یەکێتی سۆڤییەت پێکهێنرا، وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە ئامانج یان دوژمنی هاوبەشیان بۆ وەها هاوپەیمانییەک نییە./.