بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق وەک دوو وڵاتی گرنگ و دراوسێ، بەردەوام چاوی وڵاتانی دیکەی جیهانی لە سەر بووە. بە پێی هەندێک ڕووداوی ساڵانی ڕابردووش بە تایبەت سەرهەڵدان و شکستی گرووپی تیرۆریستی داعش، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و پلانی کشانەوەیان لە عێراق و لە ئاکامدا شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا پێی ناوەتە وەرزێکی نوێ و لە ئەگەری یەکگرتنی بەهێزی ئەم دوو وڵاتە، دەتوانرێت گۆڕینی هاوکێشەی هێز لە ئاستی ناوچەکە ببینرێت.
بێگومان لە داهاتوویەکی نزیکدا ترانزێت دەتوانێت یەکێک لە سەرچاوەکانی هێزی ئێران و عێراق بێت. لە ئەگەری هاوکاری نێوان ئەم دوو وڵاتە و ڕۆڵی بەرچاو لە ڕێگای ڕۆژهەڵات – رۆژئاوا، دەتوانن وەک ئەڵقەی ونبووی ئەم ڕێگایە، پەرەپێدانی ترانزێتی ڕۆژهەڵات – رۆژئاوا مسۆگەر بکەن.
بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، چەندین کێشە دەبینرێت کە پێدەچێت بوونی ئیرادەی جیدی لای بەرپرسانی ئێرانی و عێراقی، بتوانێت ئەم کێشانە بە ئاسانی چارەسەر بکات. چەندین کێشەی وەک نەبوونی پەیوەندی هێڵی ئاسنی نێوان هەر دوو وڵات و جێبەجێنەکردنی یاسای ترانزێت لە خاکی عێراق، وەک بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم ڕۆڵی گرنگی ئێران و عێراق لە پێکەوەلکاندنی ئاسیا و ئەورووپا دەبینرێت.
دەستپێکردنەوەی پەیوەندی ترانزێتی نێوان ئێران و عێراق لە ڕێگای هێڵی ئاسنەوە دەتوانێت لە داهاتوودا گەشەی ئابوریی بۆ ئەم دوو وڵاتە بە دواوە بێت، بەدەر لەمەش پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق لە دوو وڵاتی دراوسێی ستراتیژی، دەگاتە دوو هاوبەشی ستراتیژی. هەروەها بوونی پەیوەندی لە نێوان ئێران، عێراق و سوریا دەتوانێت بگاتە بەهێزبوونی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە و لە ئەنجامی ئەمەش دەستی هەر سێ وڵات بۆ کردنەوەی ئەو کۆت و بەندانەی ئەمریکا بۆ ئەوانی دابین کردووە، کراوەتر بێت.
بە بۆچوونی شارەزایان، کردنەوەی ڕێگای ترانزێتیی عێراق بە ڕووی ئێران دەتوانێت بگاتە زیندووکردنەوەی ڕێگای ئاورێشمی وشکانی و بەرژەوەندی زۆری بۆ سەرجەم وڵاتانی پەیوەندیدار بە دواوە دەبێت.
پێکەوەبەستنەوەی دوو ڕێگای هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە و کرماشان – خۆسرەوی – خانەقین – بەغداش دەتوانێت بەدەر لە زیندووکردنەوەی ئەم ڕێگا ترانزێتی ستراتیژییەی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق، بگاتە باشتربوونی ڕەوتی بازرگانیی نێوانیان و هەروەها نزیکبوونەوەی زیاتری گەلانی هەر دوو لا. بە کردنەوەی ئەم دوو ڕێگایەی هێڵی ئاسن دەتوانین هیوامان بە بەرزبوونەوەی زیاتری ئاستی هاوکارییە سیاسی، ئابوری، ڕۆشنبیری و گەشتیارییەی نێوان ئێران و عێراق هەبێت./.