بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی حزبوڵڵای لوبنان پێنج شەممەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی ئەم بزوتنەوەیە و ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس ی فەڵەستین لە بەیروت سەبارەت بە گۆڕانکارییە سیاسی و مەیدانییەکانی فەڵەستین، لوبنان و ناوچەیە وتووێژیان کردووە.
سەردانەکەی شاندە باڵاکەی حەماس بۆ بەیروت هاوکات لە گەڵ دوو ڕووداوی دیکە، پەیام و مانای گرنگی دەبێت: یەکەم، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکانی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی دەرهێنانی نایاسایی گاز لە لایەن زایۆنیستەکانەوە لە ئاوە کێشە لە سەرەکان لە گەڵ لوبنان و دووەم، زیاتربوونی ڕاپەڕینی خەڵکی کەرتی خۆرئاوا لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی و هەروەها زیاتربوونی ڕووداوەکانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کە پیشاندەری لاوازبوون و بەرەو لەناوچوونی ڕژێمی تەل ئەبیبە.
هەنیە چوارشەممەی ڕابردووش لە گەڵ شێخ عەبدوللەتیف دریان موفتی گەورەی لوبنان کۆبوونە و ستایشی ڕۆڵ و هەڵوێستەکانی ناوبراوی لە بەرامبەر قودس و کێشەی فەڵەستین لە ناوخۆ و دەرەوە کرد. پاشان سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە شوێنێکی ئاشکرانەکراودا سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حزبوڵڵای بینی. هەنیە لەو کۆبوونەوەدا بە بۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی لوبنان پیرۆزبایی لە ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا کرد و لە هەمان کاتدا پاڵپشتی بزوتنەوەی حەماسی بۆ ئەم وڵاتە لە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە سرووشتییەکان بە تایبەت سەرچاوە گازییەکان دەربڕی.
ڕاوێژکاری میدیایی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس سەبارەت بە ئامانجەکانی سەردانەکەی ئیسماعیل هەنیە بۆ لوبنان، وتی: ” لە ڕاستیدا هەموو کات سەردانیکردنی لوبنان جیاوازتر و گرنگتر لە سەردانیکردنی هەر وڵاتێکی دیکەیە، لە ڕووی کۆبوونەوەکانەوە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و شوێنەکەی کە لوبنانە وەک پایتەختی خۆڕاگری، وڵاتێک کە ساڵانێک گورزی کوشندەی لە داگیرکاران داوە “. تاهیر نونو ڕایگەیاند: ” لە سەرەتادا ئەم کۆبوونەوانە بۆ پیرۆزبایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی لوبنان بە بەرپرسان و کەسایەتی و لایەنەکانی ئەم وڵاتە بووە، هەروەها بۆ پاڵپشتی لە لوبنان لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی و مسۆگەربوونی مافە دەریاییەکانی و گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کە لە مانگی ڕەمەزانەوە تا ئێستا ڕووی داوە “.
ڕاشیگەیاند کە ” ئەو گۆڕانکارییانەش بریتین لە گۆڕانکارییە سیاسی و مەیدانییەکان، هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی قودسی پیرۆز و مزگەوتی ئەقسا، هەروەها لە غەززە، زاڵبوونی ڕژێمی زایۆنیستی بە سەر مافەکانی لوبنان و کاریگەرییەکانی لە سەر ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین. سەرجەم ئەم پرسانە تاوتوێ کراوە “.
گرنگی کۆبوونەوەکەی هەنیە و سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەوەیە کە یەکڕیزی بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی ئامانجی سەرەکیی بووە. داگیرکاران بە سەرکردایەتی ئەمریکا هەوڵ دەدەن لە ڕێگای ناکۆکی خستنە نێو لایەنەکانەوە بە ئامانجەکانی خۆیان لە پێناو پاراستنی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە بگەن. هەروەها حزبوڵڵا و حەماس چەندین پرسی گرنگی دیکەیان وەک پەرەپێدان و بەهێزکردنی بەرەی خۆڕاگری، هەڕەشە، کێشە و دەرفەتەکانی بەردەمیان تاوتوێ کردووە و لە هەمان کاتدا جەختیان لە سەر پێویستی هاوکاری سەرجەم بەشەکانی بەرەی خۆڕاگری لە پێناو خزمەت گەیاندن بە ئامانجی سەرەکی – قودس، ئەقسا و فەڵەستین – کردووەتەوە./.