سەعدی ئەحمەد پیرە لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق، وتی: ئێمە ڕێز لە سەرۆکی ڕەوتی سەدر دەگرین کە کەسایەتییەکی دیاری گۆڕەپانی سیاسیی عێراقە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو 73 کورسیی بە دەست هێنا و بۆ سەرخستنی پرۆژە سیاسییەکەشی هەوڵێکی زۆری دا بەڵام سەرکەوتنی بە دەست نەهێنا.
ناوبراو وتی: کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی ئێمەی کوردی نیگەران کردووە، ئێمە دەمانەوێت ئەوانەی بە پێی یاسای هەڵبژاردن ئەندامی پەرلەمانن، بمێننەوە و درێژە بە کاری خۆیان بدەن، بەڵام دیارە کۆتا بڕیاری خۆیان داوە و ناتوانین گوشاریش لە سەر ئەوان دابنێین، ئێمە هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ڕەوتی سەدر وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەوەش بەندە بە بڕیاری سەدر کە پەیوەندییەکانی لە گەڵ لایەنە کوردییەکان چۆن بێت.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە بەردەوامیی سیاسەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و دژایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان و کاریگەرییەکانی لە سەر کورد، وتی: ئێمە وا نابینین کە پارتی دژایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی بکات، پارتی هێزێکە کە هەوڵ دەدات لە گەڵ لایەنەکانی دیکە وتووێژ بکات و نازانرێت ئەنجامی وتووێژەکانی بە کوێ دەگات، ئێمە وەک یەکێتی ناتوانین لەو بوارەدا قسە بکەین و پەیوەستە بە سیاسەتی ناوخۆی پارتییەوە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد