بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی یەک شەممە 26 ی حوزەیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وتی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتی عێراق، پەیوەندییەکای ئاسایی نییە و قووڵایی و بنەڕەتێکی زۆری هەیە و بۆ بیر و بڕوا و کەلتوری هاوبەشی گەلانی هەر دوو لا دەگەڕێتەوە و ئیرادەیەکی بەهێزیش لە نێوان بەرپرسانی هەر دوو وڵات لە پێناو گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا بوونی هەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە پێناو گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەمڕۆ نزیکترین پەیوەندیمان لە گەڵ گەل و وڵاتی عێراق هەیە، ئەم پەیوەندییەش لە بوارە جیاجیاکاندا دەبینرێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: لە دانوستانەکاندا سەبارەت بە پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی نێوان ئێران و عێراق بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیارە لە بواری ئابوری و بازرگانی پەیوەندییەکان بەرەوپێشچوونی زیاتری هەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە، وتی: سەبارەت بەم پرۆژەش وتووێژ کرا و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆتایی بێت تا ئاڵوگۆڕەکانی نێوان هەر دوو وڵات ئاسانتر ببێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە بڕیارە بۆ ئاسانکاری لە پەیوەندییە دارایی و بانکییەکانی هەر دوو وڵاتیش هەندێک هەنگاو هەڵبگیرێت و ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی دیکەش هەبێت.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە درێژەدا وتی: هەر دوو لا جەختمان لە سەر کۆتایی گەمارۆ و ئێش و ئازاری گەلی یەمەن کردەوە و پێمان وابوو کە وتووێژی ناوخۆیی یەمەن دەتوانێت کۆتایی بە کێشەکان بێنێت.
ناوبراو وتی: بەردەوامی ئەم شەڕە بە بێهۆ دەزانین و پێمان وایە کە بەدەر لە ئێش و ئازاری خەڵک هیچ ئەنجامێکی نابێت و دەبێت لە زووترین کاتدا کۆتایی بێت، ئاگربەستیش دەتوانێت هەنگاوێک لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی یەمەن و ئاسانکاری بۆ وتووێژی ناوخۆیی ئەم وڵاتە بێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە ناتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی بۆ ئەم ڕژێمە بە دواوە بێت.
ناوبراو وتی کە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بە ڕۆڵ و هاوکاری سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە دەبێت و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە ئامادەبوونی بێگانەکان بۆ ناوچەکە کێشەی بە دواوە دەبێت و چارەسەری کێشەکانی ناوچەکەی ئێمە ناکات.
ڕەئیسی وتی: ئێمە لە ڕۆژانی تەنگانەدا لە گەڵ عێراقییەکاندا بووین و بەردەوام لە گەڵ یەکتر دەبین و ئەمەش هیچ کات بەرەو لاوازی ناڕوات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە بەم پەیوەندییانە دەدرێت./.