بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دانوستانەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان و چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆتایی هات.
ئەم گەڕەی دانوستانەکان ڕۆژی سێ شەممە 28 ی حوزەیرانی 2022 لە شاری دەوحە دەستیپێکرد و عەلی باقری دانوستانکاری باڵای ئێران بەم مەبەستە و بە یاوەری شاندێک سەردانی قەتەری کرد. پێشتریش ڕۆبرت مالی بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی قەتەری کردبوو و ڕۆژی سێ شەممە لە گەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبووە.
بە پێی ڕێکەوتنی ئەم دواییە لە سەردانەکەی جۆزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا بۆ تاران و ڕەزامەندیی ئێران و ئەمریکا، بڕیار درا کە دانوستانەکان دەات پێبکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر دەستنیشان کرا و ڕۆژی سێ شەممە و چوارشەممە دانوستانەکان بەڕێوەچوو.
عەلی باقری دانوستانکاری باڵای ئێران لە گەڵ وەزیری دەرەوە و بریکاری وەزارەتی دەرەوەی قەتەر کۆبووە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئەم گەڕەی دانوستانەکان ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە بەردەوامی و قۆناغی دواتری دانوستانەکان، وەک هەمیشە عەلی باقری و ئەنریکە مورا جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە پەیوەندیدا دەبن./.