بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئەنوەر رەشیدی شارەوانی سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستان رایگەیاند کە شاری داهێنەری مۆسیقا نازناوێکی پڕیایەخە بۆ سنە.
ئاشکراشی کرد کە شارەوانیی سنە ماڵی مامۆستا حەسەن کامکار هونەرمەندی ناوداری مۆسیقای کڕیوە و بریارە بیکاتە مۆزەخانە و بنکەی فەرهەنگیی بۆ مۆسیقا.
رەشیدی راشیگەیاند هونەر و مۆسیقای کوردستان و بە تایبەت شاری سنە شانازی بە بنەماڵەکانی وەک کامکارەکان و عەندلیبی و خالقی و چەند هونەرمەندی ناوداری دیکە دەکات.
کۆتا رۆژی مانگی ئۆکتۆبەری 2019 رێکخراوی یونسکۆ، لە سایتی فەرمیی خۆیدا، شاری سنەی بە شاری داهێنەر لە بواری مۆسیقا ناساند.
سەبارەت بە حەسەن کامکار کە ماڵەکەی دەکرێتە مۆزەخانەی مۆسیقا ناوبراو لە دایکبووی ساڵی 1923 لە شاری سنەیە.
ژەنیار، ئاهەنگسازو مۆسیقازان، و دامەزرێنەری گرووپی کامکارانە.
حەسەن کامکار سەرەتا ناوی حسن سوری بوو، لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقا بووە، ئەو بە منداڵی سازێکی سێ تاری لە ژەنیارێکی نابینا کڕی و خۆی دەستی بە فێربوون کرد، ئەو ژەنیارە نابینایە ناوی عەلی خان بووە.
لە تەمەنی 12 ساڵیدا لە قوتابخانەی نیزام دامەزراو لە تەمەنی 17 ساڵیدا بووە ئاشنای ئامێرە کلاسیکەکان، بە تایبەتی ڤیۆڵۆن. ئەو، لە قوتابخانەی نیزام فێری سۆڵفێژ کرابوو، دوایی ئەو سازەی بێ مامۆستا و بە کەڵک وەرگرتن لە کتێبی نۆت و ڕەدیفی ابولحسن صبا بەکار دەهێناو فێری دەبوو. ئەو فێری هەموو سازە ئێرانیی و کلاسییکەکان بوو، تار، سێ تار، ڤیۆڵۆن، کەمانچەی بەبێ مامۆستا بە باشی فێربوو، تەنانەت دەیتوانی ئەو سازانە کۆک بکات.
لە ساڵی 1961 دا توانی، بە هاوکاریی وەزارەتی فەرهەنگ، یەکەمین پەیمانگای مۆسیقای کوردستان لە شاری سنە دابمەزرێنێت.
لە ماوەیەکی کورتدا توانی چوار گرووپی مۆسیقا دابمەزرێنێت، لەوانە گرووپی مۆسیقای ژنان و گروپی مۆسیقای منداڵان. ئەو، بۆ هەر یەک لەو گرووپانە پارچە مۆسیقای دەنووسی و ڕاهێنانی پێدەکردن، بەرهەمی کاری چڕوپڕ و پێشکەوتنی ئەوان هێندە زیاد بوو، کە بوونە خاوەنی سێ ئۆرکێستر.
هەروەها، ئەو، لێپرسراوانی ناچار کرد تا پەیمانگای باڵای مۆسیقا دابمەزرێنن.
حەسەن کامکار، خەریکی کۆکردنەوەی نەغمەو ئاوازە کوردییەکان بووە، ئەوانەی بە نۆت دەنووسیەوە، ئەو، توانی 400 پارچە مۆسیقای کوردیی بنووسێتەوە.
حەسەن کامکار توانی خەڵکی کوردستان زیاتر نزیک بکاتەوە لە مۆسیقا.
حەسەن کامکار و چالاکییەکانی بووە هۆی ئەوەی خولیا مۆسیقا لە منداڵەکانیدا بەدی بێت و ببنە ئەوەی کە ئەمڕۆ هەن.
ئەو، 8 منداڵی هەیە: هوشەنگ، بیژەن، پەشەنگ، ئەرسەلان، قەشەنگ، ئەرژەنگ، ئەردەشیر و ئەردەوان. حەسەن کامکار دامەزرێنەری گرووپی کامکارەکانە، یەکەمین ئۆرکێستری بنەماڵەیی لە ساڵی 1963 دا ئەنجامدا؛ لەو کۆنسێرتەدا حەسەن کامکار ڤیۆڵۆنی دەژن، قەشەنگ گۆرانی دەگوت، پەشەنگ و ئەرژەنگ سەنتوورو جازیان لێ دەدا، هۆشەنگ و بیژەن بە ئاکاردیۆن هاوکارییان دەکر، ئەرسەلان و ئەردەشێر هێشتا منداڵ بوون و دوایی بوونە ئەندامی کامکارەکان. لە ساڵی 1970 دا ئەوان گرووپێکی نیوە پیشەیی بوون.
دوای چەند ساڵێک کامکارەکان لەگەڵ محەمەد ڕەزا لوتفی، پەرویز مشکاتیان و حسێن عەلی زادە یەکەم کۆڵەکەی گرووپی عارف و شیدایان داکوتا و لەسەرەتای 1979 یەکەمین کۆنسێرتیان بە یەکەوە ئەنجامدا.
لە ساڵی 1992 دا حەسەن کامکار کۆچی دوایی کرد.