بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەرماوی ئەلعەلیل ئەو شوێنە بووە کە هیشام لە سەردەمی منداڵی و لە گەڵ باوکیدا سەردانی کردووە و پاش ساڵانێک بە نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنە لە باکوری عێراق ناوبراو بە تەنیا بۆی گەڕاوەتەوە، لە بەر ئەوەی کە باوکی لە ساڵی 2016 لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە سێدارە درا.
ئاوی گەرمی ئەلعەلیل لە شارێکدا هەر بەم ناوە و لە چەندین دەیەی ڕابردوو دامەزراوە و لەو کاتەوە بە هۆی هەبوونی ئاوی گوگردی بە تایبەتمەندی دەرمانییەوە ناسراوە. شاری ئەلعەلیل لە نزیکەی 30 کیلۆمەتریی شاری موسڵە و بە هۆی کوشتارەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە کاتی داگیرکردنی ئەم شارە، ناوبانگی هەیە.
وەک شوێنەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا، دانیشتووانی ئەلعەلیل گلەیان لە خاوبوونی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان هەیە، ئەگەرچی زامەکانی شەڕی دژ بە داعش هێشتا بە سەر جەستەی ئەم شارەوە دەبینرێت بەڵام کردنەوەی دووبارەی ئەم گەرماوە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ تا ڕادەیەک ڕواڵەتێکی ئاسایی پێبەخشیوە.
هیشام خالید لە کاتێکدا لە سەر لێواری حەوزێکدا دانیشتبوو، ڕایگەیاند کە ئازیزترین کەسەکانی لە دەست داوە.
داعش باوکی هیشامی کە پلەی عەمید بووە و لە پۆلیسی عێراق خزمەتی کردووە، لە گەڵ سەدان کەسی دیکە لە سێدارە داوە و تەرمەکانیان لە مانگی تشرینی دووەمی 2016 لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە نزیک کۆلێژی کشتووکاڵ لە ئەلعەلیل دۆزرایەوە.
هیشام کە باوکێکی 21 ساڵەیە وتی: ئێشێکم لە دڵدایە، هەموو کات لە گەڵ باوکم سەردانی ئێرەم کردووە، ئێستا ئەو نەماوە و من هاتوومەتەوە.
ناوبراو لەم گەرماوەدا ئیشی مەساج دەکات، ئەو بەردەوام لە ئاوەکەدا مەلەی کردووە تا بە هۆی تایبەتمەندییەکانیەوە لە شەڕی نەخۆشیی هەستیاریی پێست ڕزگاری ببێت.
خەڵکێکی زۆر سەردانی ئەم شوێنە دەکەن و لە ژوورە نۆژەنکراوەکاندا کەڵک لەم ئاوە وەردەگرن کە تایبەتمەندی دەرمانیی بۆ زۆربەی نەخۆشییەکان هەیە.
ئەم ناوەندە کە لە ساڵی 1984 دامەزراوە، دەتوانێت ڕۆژانە لە 75 تا 100 سەردانیکەری هەبێت، هەروەها چەندین هۆڵی جیاجیا بۆ ژنان و پیاوان دابین کراوە.
سەلام عادل حەسەن لە بەغداوە هاتووەتە ئەلعەلیل. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە پێشتر وا نەبووە و لە ڕووی بیناسازی و خزمەتگوزارییەوە باش نەبووە بەڵام ئێستا دۆخەکەی گۆڕاوە و جوانتر بووە.
پاش شکستی داعش لە ساڵی 2017، ئەم گەرماوە بەردەوام وەک شوێنێکی خۆشەویستی عێراقییەکان ماوەتەوە، ساڵی 2019 بە تێچوویەکی نیو ملیۆن دۆلاری نۆژەن کراوەتەوە.
بەدەر لە خەڵکی عێراق، گەشتیارانی بیانی بە تایبەت لە ئەڵمانیا و بەریتانیاش سەردانی ئەم شوێنەکان کردووە./.