بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەبارەت بە وتووێژی تەلەفوونیی محەممەد بن عەلبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتووە کە هەر دوو لا دوایین دۆخی دانوستانەکانی ناوەکی، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و چەندین پرسی هاوبەشیان تاوتوێ کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاندووە کە وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە جەختیکردووەتەوە کە دەوحە هەوڵ دەدات دانوستانەکانی ناوەکی بگاتە ڕێکەوتنێکی دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەن و لەم پێناوەدا نیگەرانیی سەرجەم لایەنەکان لە بەرچاو دەگرێت.
لەو وتووێژەدا حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیرادەی تارانی بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش، بەهێز و بەردەوام دووپات کردەوە و جەختی لە سەر پێویستی وەلاوەنانی پاوانخوازییەکانی ئەمریکا و ڕەچاوکردنی ڕاستییەکان لە پێناو گەیشتن بە چارەسەر و ڕێکەوتن کردەوە./.