بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق داوایکردووە کە پەرلەمانی عێراق بە چوار بڕیار وەڵامی هێرشەکەی ئەم دواییەی تورکیا لە زاخۆ بداتەوە و جەختیکردووەتەوە کە ئەگەر پەرلەمان لەمەدا شکست بێنێت، ئەم بزوتنەوەیە پەنا بۆ خۆڕاگری لە بەرامبەر داگیرکاریی ئەو وڵاتە لە عێراق دەبات.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە دەسدرێژییە بەردەوامەکان و پێشێلکردنی سەروەری عێراق، داگیرکردنی خاکەکەی و کردنەوەی بنکە سەربازییەکان تێیدا و ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان، بە دوورە لە بنەماکانی دراوسێبوون و یاسای نێودەوڵەتی و هەڵوێستی یەکگرتووی حکومەت، پەرلەمان، لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی دەوێت.
عەسائیب بە ئاماژە بەوەی کە هیچ ڕێکەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیا بوونی نییە، ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیکردووەتەوە کە هیچ ڕێکەوتنێک نە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو و نە لە ئێستادا بوونی نییە و ئەوەی هەیە موڵەتی هاتنە ناوەوەی هێزەکانی تورکیایە بۆ قووڵایی 5 کیلۆمەتریی خاکی عێراق ئەویش بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لە ساڵی 1984.
بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە بەیاننامەکەی خۆیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت پەرلەمانی عێراق بە چوار بڕیار وەڵامی هێرشەکەی زاخۆ بداتەوە:
1 – دەرکردنی سەرجەم هێزەکانی تورکیا و کۆتایی هێنان بە بوونی هەر بنکەیەکی سەربازی لە خاکی عێراق.
2 – پابەندبوون بە دەستوور کە ڕێگا بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەسدرێژیی سەر وڵاتانی دراوسێ نادات.
3 – پاش سکاڵا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکرێت تا تورکیا ناچار بە کشانەوە لە خاکی عێراق بکرێت و بە هۆی زیان گەیاندن بە عێراق و ڕشتنی خوێنی خەڵکەکەی، قەرەبووی ئەم وڵاتە بکاتەوە.
4 – گرتنەبەری بڕیارە سیاسی و ئابورییەکان کە تورکیا پابەندی ڕێزگرتن کە سەروەری ئەم وڵاتە و پشکە ئاوەکەی بکات.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر پەرلەمانی عێراق لە گرتنەبەری ئەم بڕیارانە شکست بێنێت، بزوتنەوەکە لە گەڵ گەلی عێراق بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاریی تورکیا پەنا بۆ بژاردەی دیکە دەبات./.