بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 23 ی تەمموزی 2022 گەیشتە پارێزگای دیالە و لە ڕێوڕەسمی مانۆڕی سەربازیی حەشدی شەعبی بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەم دامەزراوە فەرمییە بەشداریی کرد.
پێشتر ڕێکخراوی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندبوو کە ئەم ڕێوڕەسمە لە بنکەی سەربازیی شەهید ئەبومونتەزر مەحمەداوی لە پارێزگای دیالە بە بەشداری چەندین بەشی سەربازیی وەزارەتی بەرگری و دەزگای دژە تیرۆر بەڕێوە دەچێت.
بنکەی سەربازی شەهید ئەبومونتەزر مەحمەداوی لە 10 کیلۆمەتری شارۆچکەی خاڵس لە باکوری شاری بەعقوبەدایە و سەردەمێک شوێنی سەرەکیی گرووپی تیرۆریستی مونافقین بووە کە لە ساڵی 2012 لە پرۆسەیەکی درێژخایەنەدا چۆڵکرا و ڕادەستی حکومەتی عێراق کرایەوە.
لە کۆتایی مانۆڕە سەربازییەکەدا، هێزەکانی حەشدی شەعبی پەیمانی خۆیان لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق دووپات کردەوە.
ئەمە دووەمین مانۆڕی سەربازی حەشدی شەعبییە و ساڵی ڕابردووش بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە، مانۆڕێکی سەربازی بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی عێراق لە دیالە بەڕێوەچوو./.