بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای سەرجەم گوشار و هەوڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ پەراوێزخستنی ڕووسیا لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، بەڵام ڤلادیمیر پوتین نەک تەنیا بە یەکێک لە کاراکتەرە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرێت بەڵکوو هاوبەشی بەهێزیشی لەم ناوچەیە لە گەڵدایە.
گۆڤارەکە ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی پوتین بۆ تاران و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆک کۆمارانی ئێران و تورکیا لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ئاستانە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی سوریا وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەکە بووە.
ڕاشیگەیاندووە کە ڕووسیا، ئێران و تورکیا لە پاش شەڕی ئۆکرانیا زیاتر لێک نزیک بوونەتەوە، تاران ئەمڕۆ خاوەن ئەزموونێکە کە ڕووسیا بۆ پووچەڵکردنەوە و بێ کاریگەرکردنی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا پێویستی دەبێت.
فۆرن پۆلیسی ڕایگەیاندووە کە ڕووسیا دەتوانێت لە بەرامبەر چەکە پێشکەوتووەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئۆکرانیا کەڵک لە درۆنەکانی ئێران وەربگرێت./.