بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە لە تورکیا لە مانگی ئایاری ئەمساڵ گەیشتە بەرزترین ڕێژەی 24 ساڵی ڕابردوو، واتە لە سەدا 73.5 و ئەمەش بۆ کاریگەرییەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، شەڕی ئۆکرانیا، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و دابەزینی بەهای لیر دەگەڕێتەوە.
ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئەنکەرەی پایتەخت، ساڵانە گەیشتووەتە لە سەدا 94.19 و مانگانەش گەیشتووەتە 40.3 لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ و ئەمەش لە 24 ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە بووە.
تێچووی گواستنەوە لە سەدا 5.16، خانووبەرە 5.06، ڕۆشنبیری، فێرکاری و گەشتیاری 4.55، تەندرووستی 3.72، کاڵا و پێداویستی نێوماڵ 3.57، مادەی خۆراکی 3.79 و جلوبەرگ 2.12 بەرز بووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخەکان لە گرووپی سووتەمەنی و وزە لە سەدا 15.11، مادە کیمیاییەکان 8.06، کاڵا و پێداویستی بیناسازی 3.52 بەراورد بە مانگی ئایار بووە و گرووپی کانزاکانیش بە هەمان شێوە بەرزبوونەوەی هەبووە.
دراوی نیشتمانیی تورکیا لەمساڵ لە سەدا 45 ی بەهاکەیی لە دەست داوە، لە بەر ئەوەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە سەرەڕای بوونی هەڵئاوسانی لە سەدا 20 بە ئامانجی گەشەی ئابوری گوشاری بۆ دابەزینی نرخی سوودی بانکی خستەڕوو و بانکی ناوەندی لە ساڵی ڕابردوو ئەو سیاسەتەی جێبەجێ کرد.
ڕەخنەگرانی حکومەتی تورکیا دەڵێن کە لە سێ ساڵی ڕابردوو و لە سەردەمی سەقامگیریی بنەما سیاسی و جێبەجێکارییەکانی مەبەستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ناسراو بە سیستەمی سەرۆکایەتی، هەر ساڵ بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئاستی ئاسوودەیی خەڵک و هێزی کڕینی ئەوان کەم بووەتەوە، بە شێوازێک کە لە هەلومەرجی ئێستادا و لە نیوەی ساڵی 2022 بەشێکی بەرچاوی خەڵکی تورکیا کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
میدیاکانی نەیاری حکومەتەکەی ئەردۆغان لە ڕاپۆرتەکانی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی خەڵکی تورکیا توانای کڕینی سێ ژەمی ڕۆژانەی خۆراکی خۆیان و خێزانەکەیانیان نییە.
هۆکارەکانی قەیرانی ئابوری و دارایی
زۆرترین هۆکاری سەرهەڵدانی هەڵئاوسان و دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی تورکیا بۆ دەستکاری و دەستێوەردانەکانی حکومەت لە کاروباری ئابوری و سیاسەتە داراییەکان بەدەر لە چوارچێوەی لۆژیکیی دەگەڕێتەوە، بە شێوازێک کە ئەو بۆچوونە هەیە دوو لە سەر سێی ئەم بارودۆخەی تورکیا ئەو دەستێوەردان و دەستکارییەیە. بۆچوونێکی دیکە هەیە کە دەڵێت سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و جموجوڵەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەرەی بەم دۆخە داراییە داوە.
درێژکردنەوەی سزاکانی یەکێتی ئەورووپا لە دژی تورکیا بە هۆی سیاسەت و کردەوەکانی ئەنکەرە لە دژی یۆنان و کۆماری قوبرس بووەتە هۆکاری خوڵقاندنی کێشە و گرفتە ئابوری و بازرگانییەکان بۆ تورکیا.
لە لایەکی دیکەوە ئابوریی تورکیا بە ڕێژەیەکی بەرچاو پشت بە داهاتەکانی کەرتی گەشتیاری دەبەستێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوو ساڵی ڕابردوو کەرتی گەشتیاریی لە ئاستی جیهاندا خستە ژێر کاریگەرییەوە و ئەمەش ئابوریی تورکیای ڕوبەڕوی کێشە کردەوە. هۆکارێکی دیکە دابەزینی بەهاری لیری تورکیا بۆ دابەزینی ڕێژەی سوودی بانکی لەم وڵاتەدا دەگەڕێتەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاریدا تا لە سەردەمی قەیرانی دارایی بە هۆی کۆرۆناوە، ڕێژەی سوودی بانکی لە چەندین قۆناغدا دەبەزێنێت و بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بوو کە دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئەم وڵاتە دەستیپێکرد.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەختینەیی، دابەزینی ڕێژەی سوودی بانکی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و هەروەها زیاتربوونی ڕێژەی قەرزە دەرەکییەکان، لە گرنگترین هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دراوی لیری تورکیان، سەرەڕای ئەم هەلومەرجەش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دژایەتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بانکی دەکات و پێی وایە کە ئەمەش ڕێژەی هەڵئاوسان بەرز دەکاتەوە.
هەڵبژاردنەکان
ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرتاسەری لە تورکیا بەڕێوە دەچێت و خەڵک لە بەردەم سندۆقەکانی دەنگدان کاردانەوەی خۆیان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان پیشان دەدەن. سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵک ڕوبەڕوی کێشەی گەورە بووەتەوە.
چەند ڕاپرسییەک کە ئەنجامەکەیان لە کانوونی دووەمی 2022 بڵاو کرایەوە، پیشان دەدەن کە قەیرانی ئابوریی تورکیا بووەتە هۆی دابەزینی پێگەی جەماوەیی ئەردۆغان. بە پێی ئەنجامەکانی ئەو ڕاپرسییانەش، ژمارەی ئەو دانیشتووانەی تورکیا کە پێیان وایە هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا باشتر لە ئەردۆغان و پارتی ئاکەپە توانای چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و داراییەکانی ئەم وڵاتەی هەیە، بەردەوام ڕوو لە زیاتربوون دەکات.
یەکێک لەو ڕاپرسییانە پیشان دەدات کە پێگەی جەماوەیی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ لە سەدا 38 دابەزیوە، واتە کەمترین ڕێژە لە ساڵی 2015 تا ئێستا، گرنگتر ئەوەیە کە ڕێژەی خۆشەویستیی ئەردۆغان لە سێ ڕکابەری سەرەکیی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023 کەمترە.
ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران دەڵێن کە ئەردۆغان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان هەوڵیداوە هەست و سۆزی نیشتمانپەروەریی خەڵکی تورکیا بجوڵێنێت و وا پیشان بدات کە ئەم وڵاتە ڕوبەڕوی هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە و خۆی وەک تاکە کەسێک بناسێنێت کە دەتوانێت وڵات بپارێزێت./.