بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاگەێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە کە باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە بەرلین 125 پارچە ئاسەواری مێژوویی لە دامەزراوەی ئاسەوارناسی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە زانکۆی ئازادی ئەو شارە وەرگرتووەتەوە.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە ئەو ئاسەوارانە لە دەیەی 90 ی زائینی بۆ توێژینەوە و بە شێوازی کاتی دراوەتە وڵاتی ئەڵمانیا.
لوقمان عەبدولڕەحیم فەیلی باڵیۆزی عێراق لە بەرلین هیوای خواستووە کە هاوکاری لە گەڵ ئەڵمانیا لە بەشی ڕۆشنبیری و دۆزینەوەی ئاسەوارە مێژووییەکان بەردەوام بێت.
هەروەها حەسەن نازم وەزیری ڕۆشنبیری عێراق ڕایگەیاندووە کە هەوڵێکی بەربڵاو بۆ گەڕاندنەوەی ئاسەوارە مێژووییەکان بۆ ئەم وڵاتە بەردەوامە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دیپلۆماسیەتی گەڕاندنەوەی ئاسەوارە مێژووییەکان تا ئێستا بووەتە هۆی گەڕاندنەوەی زیاتر لە 17 هەزار و 500 پارچە ئاسەوار بۆ ئەم وڵاتە./.