بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە بیست و پێنجەمین گردبوونەوەی سەرتاسەری وتارخوێنانی هەینی ئەم وڵاتە، سەبارەت بە دوایین دۆخی دانوستانەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کات مێزی دانوستانی بە جێ نەهێشتووە، ئەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا بوون کە لە کاتی دانوستانەکان بە دەرکردنی بڕیاری ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی کێشەیان خستە بەردەم دانوستانەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان.
ناوبراو وتی: بە ئەنجام گەیشتنی دانوستانەکان بەندە بە ئیرادەی لایەنی بەرامبەرەوە، هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران لۆژیکییە و لایەنی بەرامبەریش ئەگەر تێڕوانینی وەهای هەبێت، دانوستانەکان دەتوانێت بە ئەنجام بگات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هیوامان بە داهاتووی وڵات هەیە و بە پشت بەستن بە توانا ناوخۆییەکان، پاڵپشتی گەل و ڕێبەرایەتی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی هەلومەرجەکە لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەگۆڕین./.