بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێوارەی چوارشەممە 27 ی تەمموزی 2022، لە وتوویژی تەلەفوونی لە گەڵ جۆزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا دوایین دۆخی دانوستانەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان و زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکیی تاوتوێ کرد.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختیکردەوە کە ئیرادەی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش، بەهێز و بەردەوام وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ گومانێک لەمەدا نییە.
ناوبراو وتی کە ئەگەر ئەمریکا لە ڕاستەڕێگای گەیشتن بە ڕێکەوتن هەنگاو بنێت و واز لە پیلانگێڕی بێنێت، ڕێکەوتنی باش مسۆگەر دەبێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای دانوستانەکانەوە نیازپاکی و ئیرادەی جیدی خۆیی بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن پیشانداوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها وتی کە پێشوازی لە دانوستان و دیپلۆماسی دەکەین.
جۆزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپاش وتی کە لایەنی ئێرانی تا ئێستا ئیرادەی جیدی و ئەرێنی خۆیی لە ڕەوتی دانوستانەکاندا پیشان داوە بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە دانوستانەکان بە ئەنجامی خوازراو بگات./.