بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی فەرمی سوریای ڕاگەیاندووە کە بە زیاتربوونی هەڕەشەکانی تورکیا لە خاکی سوریا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو و هێرشی سەر چەند ناوچەیەک و هەروەها چەند بنکەیەکی هێزە چەکدارەکان، سوپای سوریا ئامادەیی خۆیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تورکیا ڕاگەیاندووە.
ئاژانسی سانا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی تورکیا و گرووپە توندڕۆکانی نزیک لەم وڵاتە لە پارێزگاکانی حەسەکە، حەلەب و ڕققە پەرەیان بە هێرشەکانی خۆیان بە تایبەت لە ڕێگای تۆپخانەوە داوە و ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی کەسانی مەدەنی و هەروەها ئاوارەبوونی سەدان خێزان.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆژنامەی قەتەریی العربی الجدید بە ئاماژە بە شکستی ئەنکەرە لە وەرگرتنی ڕەزامەندیی تاران و مۆسکۆ بۆ دەستپێکردنی پرۆسە سەربازییەکان لە باکوری سوریا، وردەکاری هێرشەکانی ئەم وڵاتەی لە جێی دەستپێکردنی پرۆسەی سەربازیی نوێ ئاشکرا کرد./.