بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا وتی کە بەغدا داوای دەرکردنی بڕیارێک دەکات کە تورکیا ناچار بە کشانەوەی هێزەکانی لە تەواوی خاکی عێراق بکات.
ناوبراو وتی کە حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات پشکی بەرچاو و ڕۆڵی ئەرێنیی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکەدا هەبێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی کە بەغدا ئامادەیە بۆ دەرکردنی پەکەکە لە خاکی خۆی هاوکاری بکات.
فۆئاد حوسێن وتی کە تورکیا دەبێت قەرەبووی قوربانییەکانی هێرشەکەی ئەم دواییەی زاخۆ بۆ بنەماڵەکانیان بکاتەوە.
ناوبراو وتی کە بەغدا تێڕوانینی تورکیا بۆ گواستنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی بۆ خاکی عێراق ڕەتدەکاتەوە و داوای ئەوەش دەکات لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە سەر هێرشەکەی زاخۆ پێک بهێندرێت.
وتیشی کە ئێمە لە سەر بەردەوامی ئەم سیاسەتەی تورکیا هۆشداری دەدەین کە ڕەنگە دۆخەکە بە ئاراستەیەکدا ببات کە قەد کۆنتڕۆڵ نەکرێت./.