بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە بەرگریی لە بەردەوامی دەستێوەردانی وڵاتەکەی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و پێشێلکردنی سەروەری ئەم وڵاتە و سوریا کرد.
ناوبراو وتی: عێراق ناتوانێت تیرۆریستان لە خاکی خۆی دەربکات، هەر بۆیە ئێمە ئەو کارە دەکەین، ئێمە ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرین.
چاوش ئۆغلۆ وتی: حکومەتی عێراق ناتوانێت شەڕێکی کاریگەر لە دژی تیرۆریستان بەڕێوە ببات و ئەمەش هۆکاری چالاکییەکانی دژ بە ئێمەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەردەوام لە عێراقدا ماونەتەوە، داعش زاڵە بە سەر بەشێک لەم وڵاتە بەڵام بە هاوکاریی ئێمە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە سوریا و عێراق هێزی نەماوە، ئامانجی پرۆسە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیاش، دەرکردنی تیرۆریستانە لە باکوری سوریا و ئامانجە سیاسییەکەشی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەیە.
مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی کە ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم ڕاستگۆ نییە بەڵام ئێمە درێژە بە ڕۆڵی خۆمان لە نێوەندگێڕی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەدەین، لە کۆتاییدا ئەم شەڕە لە سەر مێز کۆتایی دێت./.