ئەحمەد حاجی ڕەشید لە وتوویژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق، وتی: جێی دەستخۆشییە کە تا ئێستا ئەو هێزانەی کێبڕکێی توندی سیاسی لە نێوان ئەواندایە و هەموویان خاوەنی هێزی چەکدارین، پەنایان نەبردووەتە بەکارهێنانی چەک لە دژی یەکتر و پیشان دەدات کە سەرجەم لایەنەکان بە چاوێکی بەرپرسیاریەتییەوە لە دۆخەکە دەڕوانن، دەبێت ئەوەش بوترێت کە ئەم دۆخە دەرەنجامی بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە خەراپەیە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو و دەستێوەردانی دەرەکیش ڕۆڵی خۆیی تێدا بینیوە و تەنیا چارەسەریش بۆ ئاساییکردنەوەی ئەم بارودۆخە دۆزینەوەی ئەو هۆکارانەیە کە وایکردووە دۆخی سیاسی عێراق تێک بچێت تا پێداچوونەوەیان تێدا بکرێت.
ناوبراو سەبارەت بەوەی کە بۆ سەدر نایەوێت دۆخەکە هێور بکاتەوە و لایەنگرانی بەو شێوەیە دەڕژێنێتە سەر شەقامەکان، وتی: هەر هێزێک تایبەتمەندی خۆیی هەیە و شەقامی سەدریش لە هێزەکانی دیکە پابەندترن و توانای جوڵەیان هەیە و دەتوانن شەقام بە شێوەیەکی بەربڵاو بجوڵێنن، ئەگەرچی سەدر لە پەرلەمان کشاوەتەوە بەڵام شەقامی بە دەستەوەیە و دەتوانێت لەو ڕێگایەوە دەست بە جوڵە سیاسییەکانی بکات.
ئەحمەد حاجی ڕەشید وتی: بە بڕوای من تا ئێستا ڕێکەوتنی سێقۆڵیی نێوان سەدر و بارزانی و حەلبوسی ماوە و بەردەوامە و ئێستا ڕۆڵیان دابەش کردووە، بۆ نموونە، سەدر توانای جوڵاندنی شەقامی هەیە و پارتیش مەرج دادەنێت بۆ بەشداری لە حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، حەلبوسیش ڕۆڵی ئەوەی پێدراوە کە چۆن ئیدارەی کۆبوونەوەکان بکات، بۆ نموونە ناوبراو کۆبوونەوەکان دوا دەخات و ئەو ڕۆڵەی پێدراوە کە لە پەرلەمان جێبەجێی دەکات.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە ئاڵۆزەی عێراق لە سەر هەرێمی کوردستان، وتی: ڕووداوەکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لە سەر هەرێمی کوردستان هەیە بە تایبەت لە بواری بودجەدا، لە بەر ئەوەی کە دۆخێکی ناجێگیر دەبینین، هەروەها ڕۆڵ و کاریگەری هەرێم لەم ململانێ سیاسییەدا کەم بووەتەوە، ساڵی 2010 هێزە عێراقییەکان دەهاتنە هەولێر و یەکتریان دەبینی بەڵام لە پاش هەڵبژاردنەکانەوە هیچ چالاکییەکی سیاسی لە هەولێر نەکراوە کەواتە دەتوانین بڵێین هەولێر لە ڕووی سیاسییەوە پاشەکشەی گەورەی کردووە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد