بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، 9 مانگ بە سەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 تێپەڕ دەبێت و وەک هەمیشە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە دواکەوتووە. سەرەڕای ئەمەش چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان وەک زۆرینەی پەرلەمانی، محەممەد شیاع سودانیی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو لە پێناو چارەسەکردنی قەیرانی سیاسی عێراق بەڵام سەدر و ئاژاوەگێرییەکەی ئەمجارەی و داگیرکردنی پەرلەمان نەک تەنیا پێکهێنانی حکومەتی نوێی تووشی کێشە کردووە بەڵکوو لە پەیامی سەرکردەکانی ڕەوتی سەدر دەتوانین بەوە بگەین کە ئەوان زیاتر لەمەش پلانیان هەیە و ئەمەش وایکردووە کە شارەزایانی کاروباری عێراق باس لەوە بکەن کە پیلانێکی گەورەتر لەوەی ساڵی 2019 بۆ عێراق دەستیپێکردووە.
ئەگەرچی چەند ڕۆژێکە کە هێرش و دەسدرێژیی سەدرییەکان بۆ سەر ناوچەی سەوز و بینای پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردووە بەڵام چەند مانگێک دەبێت کە چاوەڕوانی ئەم ئاژاوەگێڕییە لە سەدر و ڕەوتەکەی دەکرا. کاتێک کە داوای لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عێراق کرد دەست لە کار بکێشنەوە و واز لە کورسییەکانی پەرلەمان بێنن. ڕەنگە لەو کاتەدا ئەم هەنگاوەی سەدر وەک پاشەکشەی ناوبراو و لایەنگرانی بۆ دەربازبوونی عێراق لە بنبەستی سیاسی باس دەکتا تا ڕێگای بەردەم دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئاسانتر ببێت. ئەمە وێنای ڕووداوەکانی عێراق لە لایەن سەرکردەکانی سوننەوە بوو، کەسانی وەک خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبوسی کە لە بەیاننامەکانی خۆیان باسیان لە گرنگیدانی سەدر بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی ئەم وڵاتە دەکرد. بەڵام لەو کاتەدا هەندێک کەس هەبوون کە بە گومانەوە باسی ئەم هەنگاوەی سەدریان دەکرد و پێیان وابوو کە بڕیارەکەی بۆ دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر تەنیا بۆ لێدان و ڕووخانی پەرلەمانە، بەو ئامانجەی کە ئەندامانی پەرلەمان چیدی توانای دەنگدانیان بە حکومەتی نوێ بە بێ ڕەزامەندی ڕەوتی سەدر نەبێت.
ئێستا ئاشکرا بووە کە ئەو پێشبینی و خوێندنەوەیە بە تەواوی ڕاست و درووست بووە و سەدر ویستی ئەوەی هەبوو کە بە کشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان هاوکێشەکە بە تەواوی بگۆڕێت. بە واتایەکی دیکە، سەدر سەرەتا ئامادە بوو لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکات تا بتوانێت لە ڕێگای پەرلەمانەوە ئیرادەی خۆی بە سەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت و دەسەڵاتی عێراق بە تەواوی لە دەست بگرێت. بەڵام هەڵسووکەوت و خۆسەپاندنی سەدر ئەوەی پێ قبووڵ نەدەکرا کە لە پەرلەمان لایەنەکانی دیکەش قسەی خۆیان هەبێت، هەر بۆیە بە دەست لە کار کێشانەوەی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان، ڕووی هێناوەتە لەشکرکێشی و ئاژاوەگێڕی سەر شەقامەکان. پێدەچێت کە سەدر دەیەوێت ئەزموونی پیلانگێڕیی ساڵی 2019 ی عێراق دووبارە بکاتەوە و دوو ئامانجیشی هەیە، یەکەم، پەرلەمان لاواز بکات تا کاندیدی خوازراوی ئەو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران قبووڵ بکەن و دووەم، خۆپێشاندانەکان و ئاژاوەگێڕییەکە بەردەوام بێت تا بگاتە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەو هیوایەی کە لەو هەڵبژاردنەدا بە هەر شێوازێک زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەست بێنێت و خۆی بە تەنیا دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت.
هێرشەکانی لایەنگرانی سەدر بۆ ناوچەی سەوز و داگیرکردنی پەرلەمان تا گەیشتن بە یەکێک لەو دوو ئامانجە بەردەوام دەبێت. گومان لەوەدا نییە کە ئەم شێوازەی سەدر بۆ سەپاندنی داواکارییە سیاسییەکانی مەترسییەکی گەورەیە لە سەر ئێستا و داهاتووی عێراق، ئەوانەش کە چەپڵە بۆ سەدرییەکان لێ دەدەن دەبێت بزانن کە داهاتووی عێراق بەم سیاسەت و هەڵسووکەوتەی سەدرەوە دیار نییە بەرەو کوێ دەڕوات، هەر بۆیە پێویست بەوە دەکات سەرۆک کۆمار، حکومەت، پەرلەمان و هێزە ئەمنی و چەکدارەکان لە بەرانبەر ئەم پیلانگێرییەدا بوەستن و موڵەتی ئەوە نەدەن سەدر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، یاری بە چارەنووس و داهاتووی سیاسی عێراقەوە بکات./.