بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەیسەم غەیس ئەمینداری کوێتیی ڕێکخراوی ئۆپێک لە چاوپێکەوتنێکدا جەختیکردەوە کە ڕووسیا کاراکتەرێکی گرنگ و گەورە و کاریگەری گۆڕەپانی وزەی جیهانە.
ناوبراو وتی کە ئۆپێک ڕۆڵی لە دیاریکردن و بەڕێوەبردنی نرخی نەوت نییە بەڵکوو کاری ئەم ڕێکخراوە بەڕێوەبردنی ڕێژەی داواکاری و خستنەبازاڕی نەوتە و بازاڕی ئێستای نەوت زۆر ئاڵۆزە.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ئۆپێک وتی: پێم وایە کە بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت لە بازاڕەکاندا تەنیا پەیوەندیی بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاوە نییە بەڵکوو زانیارییەکان پیشان دەدات کە نرخی نەوت بەرە بەرە ڕووی لە زیادبوون کردووە و پێش قەیرانی ئۆکرانیاش دەستیپێکردووە و هۆکارەکەشی ئەو خوێندنەوە بووە کە پێی وایە هێزی وەبەرهێنانی نەوت کەم بووەتەوە و تەنیا چەندین وڵاتن کە دەتوانن ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت بەرز بکەنەوە.
هەیسەم غەیس وتی کە جیهان بۆ سەرمایەگوزاری نەوتی لە 25 ساڵی داهاتوو پێویستی بە 12 هەزار ملیار دۆلارە و نەوت و گازیش بەردەوام دوو بناغەی سەرەکی وزەی جیهان دەبن و هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی وزە ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی نەوت.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە چ هۆکارێک تا کۆتایی ئەمساڵ کاریگەریی لە سەر نرخی وزە دەبێت، وتی کە پێم وایە گرنگترین هۆکاری کاریگەر لە سەر نرخی نەوت، کەمبوونی سەرمایەگوزارییە لە بەشی دۆزینەوە و وەبەرهێنانی نەوت.
غەیس وتی کە ئەم هۆکارە نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە بەڵام ناتوانین بڵێین کە بەرزبوونەوەکە تا کەی بەردەوام دەبێت./.