بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وڵاتی عێراق لە نێو وڵاتانی ناوچەکە زیاترین زیانی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەرکەوتووە، بە شێوازێک کە کەشوهەوای عێراق زۆر کاریگەریی لەمە وەرگرتووە و ئەم وڵاتە ڕوبەڕوی قەیرانی زۆربوونی ڕێژەی بیابان بووەتەوە کە بە هۆی کەمبوونی ڕێژەی باران بارین و لەناوچوونی هەندێک لە ڕوبارەکان، ڕێژەی زەوییە کشتووکاڵییەکانی ئەم وڵاتە کەمبووەتەوە.
جاسم فەلاحی وەزیری ژینگەی عێراق بە ئاماژە بە کاریگەرییەکانی ئەم وڵاتە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، وتی: بڕیارە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە بەشداری وڵاتانی ناوچەکە لە سەر ئەم قەیران و کێشانە بە تایبەت قەیرانی کەمبوونی ئاو بەڕێوە بچێت.
ناوبراو وتی: عێراق گیرۆدەی کێشەکانی تایبەت بە ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە، پشکی ئاوی وڵات کەم بووەتەوە، ڕێژەی بیابانەکان زۆر بووە، زەوییە کشتووکاڵییەکان لە ناو دەچن.
فەلاحی وتی کە وەزارەتی ژینگەی عێراق پلانی ڕوبەڕوبونەوەی کێشە و گرفتەکانی داوەتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
ناوبراو وتی: درووشمی جیهانی ئەوەیە کە ئێمە خاوەنی زەوین و ئەم دێڕەش هەڵگری پەیامێکە کە ئێمە وەک حکومەت، هاووڵاتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پاڵپشتی لە هەوڵەکانی تایبەت بە ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کێشەکانی تایبەت بەم بوارە دەکەین.
بە بۆچوونی ئەم وەزیرە عێراقییە، جیهان بە گشتی کەوتووەتە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و عێراقیش زیاترین کاریگەری بەرکەوتووە.
وتیشی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە لەم پێناوەدا پاڵپشتی لە عێراق بکات.
فەلاحی وتی: ئەم پلانەی عێراق چەندین پرۆژە لە خۆ دەگرێت کە پەیوەندییان بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە هەیە و لە لایەن بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارەوە پێشکەش کراوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندیی لە سەر دەربڕیوە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، بانکی ناوەندیی عێراق بە هاوکاری وەزارەتی ژینگە، کشتووکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو و ئەنجومەنی بانکە ئەهلییەکان و هەروەها کەرتی تایبەت، کۆنفرانسێکی پسپۆڕانەی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، لەناوبردنی بیابانەکان و ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوە بردووە.
مستەفا غالب سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق لەو کۆنفرانسەدا وتی کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زۆربوونی ڕێژەی بیابانەکان و کەمبوونی ئاو، سێ مەترسی گەورەن و هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی، دانیشتووانی عێراق و جیلەکانی داهاتوو دادەنێن./.