مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وتوویژی تایبەت لە گەڵ ڕەزا ڕەحمەتیان بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئێستای عێراق، وتی: بارودۆخی سیاسی عێراق بەرەو خەراپتربوون دەڕوات و مەترسی ڕوبەڕوبونەوە لە نێوان هێز و لایەنە عێراقییەکان و شەقامی عێراقی لە ئارادایە.
ناوبراو وتی کە ئێمە وەک لایەنە کوردییەکان هیواخوازین ئەم ناکۆکییانەی ئێستای عێراق کۆتاییان بێت لە بەر ئەوەی کە دوا جار ئەم بارودۆخە کاریگەرییان لە سەر هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەختیکردەوە کە تێکچوونی دۆخی ئەمنی عێراق نەک تەنیا کاریگەرییان لە سەر دۆخی ناوخۆ دەبێت بەڵکوو کاریگەریشی لە سەر بارودۆخ و سیاسەتی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش دەبێت.
مەحمود سەنگاوی وتی کە بۆ ئەوەی ئەم دۆخە بەرەو نەمان و هێوربوونەوە بڕوات پێویستە هەموو هێزە عێراقییەکان ناکۆکییەکانی نێوانیان وەلاوە بنێن و بێنە سەر مێزی دانوستان و بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی عێراق لە بەرچاو بگرن./.