دکتۆر بەشیر حەداد لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئێستای عێراق، وتی: سەدر بڕیاری داوە کە نابێت کەسێک لە خۆی زیاتر چارەنووسی عێراق و حکومەتی داهاتووی دیاری بکات، لە بەر ئەوەی کە خۆی بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان دەزانێت.
ناوبراو وتی: کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان مەبەستی لە پشتەوە بووە کە لە جێی ئەوە جەماوەرەکەی بێنێتە سەر شەقام و ئەمەش عێراق بەرەو ئاقارێکی خەراپ دەبات، لە بەر ئەوەی کە سەدرییەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە حکومەتی یەکتر ڕازی نابن و هەر یەک لەم دوو لایەنە ئەگەر لە پێکهێنانی حکومەتدا سەرکەوتوو بن، یان بە ئاسانی پێک ناهێندرێت یان لە پاش ماوەیەکی کەم هەڵدەوەشێتەوە.
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە کاریگەری ڕووداوەکانی ئێستا لە سەر هەرێمی کوردستان، وتی: بێگومان ئەو دۆخەی لە عێراقدا هەیە کاریگەریی لە سەر دۆخی ئابوری، سیاسی و ئەمنی هەرێم دەبێت، لە بەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و دەبێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێم خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەن و واز لە ناکۆکییە سیاسییەکان بێنن و هەوڵ بدەن کە شەقامی کوردی لە هەموو ڕوویەکەوە ڕازی بکەن.
دکتۆر بەشیر حەداد لە کۆتاییدا وتی: لە ئێستادا لایەنە کوردییەکان نە هیوایان بە سەدرە و نە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کورد پاڵپشتی لە هیچ لایەنێک لەوان ناکات، تەنانەت حەلبوسیش وەک لایەنی سوننە ئەوەی ڕانەگەیاندووە کە لە گەڵ سەدر دەمێنێتەوە یان پەیوەندی بە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەکات، کێشەکە زیاتر لە نێوماڵی شێعەیە و کورد و سوننە نایانەوێت بەشێک لەو کێشەیە بن.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد