بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە ڕۆژی هەینی 5 ی ئابی 2022 دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی شەهیدبوونی 10 فەڵەستینی بە تایبەت کچێکی 5 ساڵە و هەروەها تەیسیر جەعبەری فەماندەی باڵای سەربازی لە بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین.
قەتەر لە بەیاننامەیەکدا بە توندی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ سەر کەرتی غەززە ئیدانە کرد و داوای ئەوەشیکرد کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی هێرشە بەردەوامەکانی ئەو ڕژێمە هەنگاوی کرداریی هەبێت.
تورکیاش ڕایگەیاندووە کە بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکانی فەڵەستین دەکات و کوژرانی خەڵکی مەدەنی قبووڵکراو نییە. تورکیا هەروەها داوای ڕاگرتنی توندووتیژییەکان و دان بە خۆداگرتنی سەرجەم لایەنەکانی کردووە.
میسر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ کەرتی غەززە لە گەڵ سەرجەم لایەنەکان لە پەیوەندیدایە.
زانکۆی ئەزهەر ئەم هەنگاوە تیرۆریستییەی ڕژێمی زایۆنیستیی ئیدانە کردووە و ڕایگەیاندووە کە کوژران و بریندارکردنی خەڵکی مەدەنی قبووڵکراو نییە.
ئەردەن جەختیکردووەتەوە کە چارەسەرکردنی کێشەی کەرتی غەززە بە دابینکردنی ئاسۆی سیاسی و لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان و گەیشتن بە ئاشتی دادپەروەرانە دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی تونس و جەزایر بە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی داوای ڕاگرتنیان کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بە تاوانبارانە و بە ئامانجی تێکدانی ڕەوشی ناوچەکە ناو بردووە و لە سەر ئاکام و لێکەوتنەکانی ئەم دەسدرێژییە بە توندی هۆشداریی داوەتە ڕژێمی ڕەگەزپەرستی زایۆنیستی.
شەپۆلی ئیدانەکردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە وڵاتانی ئیسلامی لە کاتێکدایە کە وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاندووە ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات و واشنتن لەم ڕێگایەدا پاڵپشتی لێدەکات.
نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیاش لە تویتێکدا ئاڵۆزییەکانی غەززەی بە مەترسیدار ناو بردووە و داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە کە ڕێگری لە بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزییانە بکەن./.