بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە تاوانەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە، وتی: دەزگای دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاوێژی لە گەڵ هاوپەیمانان و دراوسێکان، وێڕای ئیدانەکردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، بەردەوام پاڵپشتیی لە خۆڕاگریی چالاک کردووە.
ناوبراو وتی: داگیرکاران کە سەردەمێک پلان و پرۆژەی گەورەتریان هەبوو، ئەمڕۆ پەراوێزکەوتوون و ماوە ماوە بۆ پەردەپۆشکردنی قەیران و شکستە ناوخۆییەکان، هێرش دەکەنە سەر ژنان و منداڵانی فەڵەستینی و لەمەشدا شکست دێنن و سەرشۆڕتر لە ڕابردوو دەگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی کە بە دیوار چواردەوریان کێشاوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەوان لە شەڕی 33 ڕۆژە تا بە ئەمڕۆ ئامانجیان گۆڕینی هاوسەنگی هێز و ترس و تۆقاندن بووە کە چاودێرانی عاقڵمەند و دادپەروەر دەتوانن شایەتی ئەوە بدەن کە زایۆنیستەکان سەرکەوتوو بوون یان شکستیان هێناوە؟ ئاگربەست کرا لە بەر ئەوەی کە زایۆنیستەکان تەنیا لە زمانی زۆر تێدەگەن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان پێشتر لە نامەیەکدا بۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و ئەمینداری گشتی یەکێتی ئەفریقا نیگەرانی خۆیی لە سەر ڕووداوەکانی غەززە دەربڕی./.