بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مانگی دەستکردی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی خەیام لە گەڵ ئاڵای ئەم وڵاتە لە بنکەی ئاسمانی بایکۆنۆری کازاخستان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.
عیسا زارع پور وەزیری پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە کازاخستاندایە، سەبارەت بەم بابەتە وتی: ئەمە دەستپێکی هاوکاری ستراتیژی نێوان ئێران و ڕووسیایە، ئەڵبەت ئەمە بەرهەمی هاوکاریی چەندین ساڵەیە بەڵام لە کابینەی سێزدەیەم بە هەوڵ و تێکۆشانی هاوکارەکانم لە وەزارەتی پەیوەندییەکان و وەزارەتی دەرەوە گەیشتە ئەنجامی کۆتایی.
ناوبراو وتی: ئەم مانگە دەستکردە بۆ دابینکردنی زانیارییەکانی ئێران لە بۆشایی ئاسمان هەنگاوێکی گەورەیە و دەتوانین لەو ڕێگایەوە کەڵک لە زانیارییەکان لە بواری کشتووکاڵ و ژینگەدا وەربگرین.
وەزیری پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: مانگی دەستکردی خەیام 600 کیلۆ کێشی هەیە و لە 500 کیلۆمەتری دووری زەوی دەسوڕێتەوە./.