مستەفا عەبدوڵڵا، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە شەڕی سێ ڕۆژەی غەززە و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: شەهیدکردن، تێکدان، تیرۆر و دژایەتی مافی مرۆڤ لە هەر شوێنێک بێت ئیدانە دەکرێت بەڵام بەداخەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە وەهای لێدێت کە بێڕێزی بە مافی مرۆڤ، کوشتنی مرۆڤ و بەفیڕۆدانی ماف و خوێنی خەڵک دەبێتە ڕووداوی ئاسایی و تەنانەت بە چاودێری وڵاتانی جیهانیشەوە دەکرێت و لەم نێوەندەدا گەلی فەڵەستینیش یەک لەو گەلانەیە کە ڕۆژانە خەڵکی مەدەنیی دەبنە قوربانی.
ناوبراو وتی: وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هیچ هەڵوێستێکیان نییە لە بەر ئەوەی کە بەشێکی زۆر لەوان سەروەری خۆیان لە دەست داوە و کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هەژموون و سیاسەتەکانی ئەمریکا و بەم بۆنەشەوە چاوپۆشی لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە گەڵ ئەمریکا و گرنگی بە گەلانی خۆیان نادەن.
ئەو بەرپرسەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وتی: وڵاتانی عەرەبی سەروەری خۆیان لە دەست داوە و ئەگەر هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە و نیشتمانییان هەبێت دەتوانن کاریگەرییان هەبێت، لە بەر ئەوەی کە دەتوانن بەرژەوەندی هەندێک وڵاتی وەک ئەمریکا بخەنە مەترسییەوە، بۆ نموونە لە ڕێگای نەوت و بازرگانییەوە، بەڵام ئەزموونی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە کە خاوەن سەروەری نین و هیچ ڕێگرییەک لە وڵاتانی داگیرکار ناکەن.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد