بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تور ڤینسڵند ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوپێکەوتنی کەناڵی سی ئێن ئێن جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت سەرجەم لایەنەکان بەرپرسیاریەتی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستی ئێستای نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل قبووڵ بکەن.
ناوبراو وتی: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە ڕەوتێک دەست پێبکات کە بابەتە ڕاستەقینەکانی تێدا تاوتوێ بکرێت، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە هێشتا داگیرکارییەکی بەردەواممان هەیە و بابەتی خاک، دۆخی شاری قودس و پەیوەندی نێوان غەززە و کەرتی خۆرئاوا چارەسەر نەکراوە.
ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێت مەترسی ئەوە هەیە کە لە دۆخی بەردەوامیی ئاڵۆزییەکاندا بمێنینەوە.
ڤینسڵند وتی کە لایەنی فەڵەستینی کێشەی هەیە و لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە سەر ئەمەش ناکۆکی هەیە./.