بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە نێو ئەو خانووانەی کە بە درێژایی مێژوو لە لایەن مرۆڤەکانەوە درووست کراون، هەندێک لەوان هێندە جوان و سرنجڕاکێشن کە بەدەر لە سەردەمی خۆیان و تەنانەت بۆ مرۆڤی ئێستاش گرنگی و جوانییان هەیە. بۆ ئەوەی کە خانووە مێژووییەکانی ئێران ببینن دەتوانن سەردانی شارەکانی یەزد و کاشان بکەن. لەم نووسینەدا باس لە خانووی مێژوویی ئاغازادە لە شاری ئەبەرکوی سەر بە پارێزگای یەزد دەکرێت.
وەک ئاماژە درا خانووی مێژوویی ئاغازادە لە ئەبەرکو یەکێک لە کۆمەڵە جوان و مێژووییەکانی ئەم شارەیە لە پارێزگای یەزد. ئەم خانووە شوێنێکی هەیە بە ناوی بادگیر، واتە ئەو شوێنەی ئاڵوگۆڕی هەوای بیناکەی لێ دەکرێت و تاکە خانووە کە ئەو بادگیرەی بە شێوازی دوو نهۆمی هەیە. گرنگیی بینای ئەم خانووە ئەوەندە زۆرە کە سەردەمێک لە سەر پارەی کاخەزیی 2 هەزار تمەنیی ئێران وێنەکەی هاتووە.
خانووە مێژووییەکەی ئاغازادە لە ئەبەرکو پێداویستی زۆریشی تێدا ئامادە کراوە، واتە بۆ گەشتیاران و ئەو کەسانەی کە سەردانی دکەەن، وەک ڕێستورانت و گەراجی سەیارە و شوێنی دیکە.
ئەم کۆمەڵە مێژووییە لە 5 خانوو پێکهاتووە بە ناوەکانی حوسێنی دۆست، موسەوی، گەبری، سەید عەلی ئاغا و ئاغازادە. سەرجەم خانووەکان لە یەک کۆڵاندان و ئەمڕۆ هەر یەک بە شێوازێک کەڵکیان لێ وەردەگیرێت و پێشوازی لە سەردانیکەرانی خۆیان دەکەن.
خانووی ئاغازادە بینایەکە لە دوو نهۆمدا و وەک خانووەکانی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە لە کەرەستەی خۆماڵی وەک خشت لە درووستکردنیدا کەڵک وەرگیراوە. وەک سەرجەم ئەو خانووانەی کە لە ناوچە بیابانییەکانی ئێراندا درووست کراون، خانووی ئاغازادەش حەوزێکی گەورەی بەردین لە ناوەڕاستیدا هەیە. بۆ ئەوەی کە لە وەرزەکانی ساڵدا تیشکی هەتاو لە نێو خانووەکە بدات ژوورەکان لە سێ بەشدا درووست کراون.
وەک باس کرا کە بادگیرەکانی خانووی ئاغازادە بایەخ و گرنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە، بادگیرەکان لە بنەڕەتدا ئەو تاوەرانەن کە لە ناوچە بیابانییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی هەوای خانووەکان درووست دەکران و لە ڕووی ڕواڵەت و کارکردنەوە جۆربەجۆرن. ئەو بادگیرانەی کە لە ئێران درووست کراون بە ناوەکانی ئەردەکانی، کرمانی و یەزدی ناسراون.
بادگیرەکانی یەزد لە ئەوانی دیکە گەورەتر و بەرزترن و لە وەرزی هاویندا هەوایەکی فێنک بە خەڵکی ئەو ناوچانە دەبەخشن. بادگیری خانووی ئاغازادە 18 مەتر بەرزە و ڕوبەرەکەشی 18 مەتری چوارگۆشەیە و 19 شوێنی هاتووچۆی هەوای هەیە.
لە ڕووی ئەندازیارییەوە ئەم بەشەی خانووەکانی ناوچە بیابانییەکانی ئێران هێندە گرنگییان هەیە کە لە سەردەمی بێ کارەبایی و نەبوونی ئامێری فێنککەرەوە هێندە ناوی ماڵەکانی فێنک کردووەتەوە کە ئێستاش ڕەنگە لە بری ئامێرەکانی سەردەم بەکار دەهێندرێت و ئەو خانووانە پێویستیان بە شتی دیکە نییە.
لە خانووی ئاغازادە لە ئەبەرکوی یەزد بینایەکی بچووک بە جوانکاری تایبەتەوە بە ناوی کڵاو فەرەنگی بوونی هەیە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی قاجاڕ دەگەڕێتەوە. شێوازی بیناسازییەکەشی تێکەڵاوێکە لە بیناسازی ئێرانی و ئەورووپی.
لەم خانووە مێژووییە 400 ساڵەیەدا ژێرزەوینێک هەیە کە بە دەست درووست کراوە. خانووی ئاغازادە لە ئێستادا بووەتە شوێنێک کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی سەردانی دەکەن./.