بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن دابەشکردنی مووچە ڕاگیراوە.
ناوبراو ڕەتیکردەوە کە قەیرانی سیاسی ئێستای عێراق کاریگەریی لە سەر مووچەی فەرمانبەران هەبێت.
وەزیری دارایی عێراق وتی کە کاروباری حکومەت بە هۆی نەبوونی بودجەوە ڕاناوەستێت، لە بەر ئەوەی کە بودجەیەکی دیکە هەیە و ئەویش بودجە ساڵی 2021 و لەو ڕێگاشەوە دەتوانێت خەرجییەکان بە بڕی 100 تا 120 تریلیۆن دینار دابین بکات.
ناوبراو وتی: لە ئەگەری هاتنە ناوەوەی ساڵی 2023 بە بێ بودجە یان یاسایەکی هاوشێوەی یاسای پاڵپشتی بەپەلە بۆ ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، حکومەت ناچار دەبێت بە پێی بودجەی ساڵی 2021 خەرجییەکان دابین بکات.
عەلاوی وتی کە لە نەبوونی بودجەدا حکومەت ناتوانێت بەرەو پرۆژە و وەبەرهێنانی نوێ بڕوات، لە بەر ئەوەی کە بە هۆی بڕگەکانی خەرجکردنی بودجەی ساڵی ڕابردووەوە سنوردار دەکرێت./.