بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیاکانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاندووە کە ئەم وڵاتە لە هاوردەکردنی گازی قەتەر شکستی هێناوە.
هیچ یەک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەڵمانیا لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە لە گەڵ قەتەر بۆ هاوردەکردنی گاز بگەنە ڕێکەوتن.
بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا تەنیا لە گەڵ ئەمریکا ئەو ڕێکەوتنەیان کردووە.
میدیاکانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاندووە کە یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئیتالیا بە ناوی ئەنی لە یەکێک لە پرۆژە گازییەکانی قەتەر بە بەهای 28 ملیار دۆلار پشکی کڕیوە و پاش کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی بە گەورەترین پشکداری ئەو پرۆژەیە لە کێڵگەی گازی باکور یان هەمان کێڵگەی گازی باشوری ئێران لە بەشی قەتەر دادەنرێت.
ڕۆبرت هابک وەزیری ئابوری و دارایی ئەڵمانیا لە مانگی ئادار بۆ ئامادەکاریی هاوردەی گازی قەتەر وەک جێگرەوەی گازی ڕووسیا سەردانی دەوحەی کرد و پاش سەردانەکە بەڵێنی ئەوەیدا کە لە زووترین کاتدا گاز لە قەتەرەوە هاوردەی ئەڵمانیا بکرێت بەڵام پاش چەندین هەفتە زانیاری ئەوە بڵاو کرایەوە کە هەر دوو لا سەبارەت بە خشتەی ئەو گرێبەستەی کە بڕیارە گازی قەتەر هەناردەی ئەڵمانیا بکات نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن.
قەتەر جەختی لەوە کردووەتەوە کە لانیکەم ئەو گرێبەستە دەبێت 20 ساڵە بێت بەڵام لایەنی ئەڵمانی ئەوەی قبووڵ نەکردووە، هەروەها قەتەر مەرجی ئەوەی دانابوو کە ئەڵمانیا گازی هاوردەکراوەی ئەم وڵاتە هەناردەی هیچ وڵاتێکی سێهەم نەکات کە دۆسیەی ئەم ناکۆکییەش هێشتا لە نێوان ئەواندا کراوەیە.
میدیاکان ڕایانگەیاندووە کە گرێبەستە واژۆکراوەکەی نێوان ئەڵمانیا و قەتەر خاڵی لاوازی زۆری تێدایە و هێشتا ڕێژەی هەناردەی گاز و خشتەی کاتیی تێدا دیاری نەکراوە./.